هەردوو كۆریا هەنگاوێكی تر بۆ باش كردنی پەیوەندیەكانیان هەڵدەگرن

14/09/2018 جیهان
بەمەبەستی باشتركردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكانیان، كۆریای باكور و كۆریای باشور، نوسینگەیەكی هەماهەنگیكاری هەمیشەییان لە نێوان خۆیان كردەوە.
نوسینگەكە كە رۆژی هەینی لە ناوچەی داماڵراو لە چەكی سەر سنوری هەردوو وڵات كرایەوە، دەرفەتی ئەوە بە پیونگ یانگ و سیئول دەبەخشێت لە گفتوگۆ و راگۆڕینەوەی بەردەوامدا بن و لە كاتی روودانی هەر كێشە و گرفتێك بە خێرایی چارەسەری بكەن.
بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوو پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە لە رێگەی هێڵێكی فاكس و تەلەفونەوە بوو، كە لەگەڵ هەر گرژیەكی نێوانیان هێڵەكە دەپچڕا.
لێكنزیكبوونەوەی هەردوو كۆریا دوای ئەوە هات كە دەسەڵاتدارانی پیونگ یانگ ئامادەیی خۆیان بۆ دەستبەرداربوون لە چەكی ئەتۆمی نیشاندا و تەنها لە ماوەی ئەمساڵیشدا دوو جار سەرۆكی هەردوو وڵات دیداریان سازكردووە، ئەمە جیا لەوەی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا كیم جۆن ئون، سەرۆكی كۆریای باكور لە سەنگافورە چاوی بە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا كەوت و تیادا لەسەر داماڵینی نیمچە دورگەی كۆریا لە چەكی ئەتۆمی رێككەوتن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group