شێخ عومەر بەرزنجی: لە مانگی ئایارەوە كاندیدبونی خۆم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار راگەیاندوە

20/09/2018 عێراق

نەوا
شێخ عومەر بەرزنجی باڵیۆزی عیراق لە ڤاتیكان دەڵێت، وەك كەسێكی بێ لایەن خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە و باس لەوەشدەكات پەیوەندیەكی زۆری لەگەڵ لایەنە سونە و شیعەكان هەیە.
لە میانی بەرنامەی "لەگەڵ رووداوەكان"ی رادیۆ نەوا، شێخ عومەر بەرزنجی سەبارەت بە خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بە ئاماژەدان بەوەی لە مانگی ئایارەوە نیازی خۆی بۆ خۆكاندیدكردن راگەیاندووە، و دەربارەی هۆكارەكەشی وتی: بەپێی مادەی 68 ی دەستوری عیراق هەموو هاوڵاتیەكی عیراق بە بێ لەبەرچاوگرتنی لایەنی حزبی، سیاسی و نەتەوەیی، بەو مەرجەی عیراقی بێت، لە دایك و باوكێكی عیراقی بێت، چل ساڵی تەواو كردبێت و بەهیچ تاوانێك سزا نەدرابێت و كەسێكی دیار بێت و بڕوانامەكەشی لە بەكالریۆس كەمتر نەبێت، دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكات.
وتیشی: بە پێی نەریت پۆستی سەرۆك كۆمار بۆكوردە، هەرچەندە یاسا واناڵێت و كەسی دیارینەكردووە كە كورد بێت یان عەرەب نە بۆ سەرۆك كۆمار، بە بۆ سەرۆك وەزیران و نە بۆ سەرۆكی پەرلەمان، لەبەر ئەوەش پێم وابوو پرۆسەیەكی دیموكراسیەوە و دەكرێت چەند كەسێك كێبڕكێ لەسەر ئەو پۆستە بكەن بۆیە  وەك كەسێكی بێ لایەن خۆم كاندیدكرد و بەڵگەنامەكانم پێشكەش بە پەرلەمان كردووە.
دەربارەی ئەوەی ئایا پشتیوانی لایەنە كوردستانی و عیراقیەكانی بەدەستهێناوە، شێخ عومەر بەرزنجی وتی: لایەنە كوردیەكان، كە دوو لایەنی گەورەیان خۆیان كاندیدیان دەبێت، پێویست ناكات من داوایان لێبكەم دەنگ بدەن بەمن و چاوەڕوانی ئەوەش نیم، بەڵام ئاگادارم كردوون لە بڕیاری خۆكاندیدكردنم و ئەوانیش رێزیان گرتووم.
باسی لەوەشكرد، هەرچی سەبارەت بە لایەنە عیراقیەكانیشە بە سونەوە شیعەوە، پەیوەندیەكی بەهێزمان لەگەڵیان هەیە، بەو پێیەی چەند ساڵ باڵیۆز و بریكاری وەزیر بووم و كارم بۆ هەموو عیراقیەكان كردووە و توانیومە هاوسەنگی رابگرم وەك هاوڵاتیبوون، هەرچەندە شانازی بە نەتەوەی خۆمەوە دەكەم، بەڵام رێز لە نەتەوەكانی تریش دەگرم.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group