"به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت، بودجه‌ى عیراق زیاد ده‌كات"

20/09/2018

نه‌وا – سالم سه‌لیم 

شاره‌زایه‌كى بوارى دارایی ده‌ڵێت "به‌هۆى به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت و زیادبوونى رێژه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت، داهاتى گشتى عیراق زیاد ده‌كات و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى عیراق كه‌مببنه‌وه‌و هاوكات چه‌ندین چاكسازى ئابورى له‌وڵاتدا ئه‌نجام بدرێت".
د. فازل نه‌بى بریكارى پێشووى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عیراق و شاره‌زاى بوارى دارایی بۆ رادیۆى نه‌وا دوپاتیكرده‌وه‌، به‌هۆى به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت له‌بازاڕه‌كانى جیهان و زیادبوونى رێژه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت و داهاته‌ ناوخۆییه‌كان، بودجه‌ى عیراق زیاد ده‌كات، چونكه‌ له‌ ئێستادا به‌پێى راپۆرته‌كانى وه‌زاره‌تى نه‌وت، رۆژانه‌ى زیاتر له‌ 3 ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش واده‌كات عیراق كه‌مترین قه‌رز بكات بۆ پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان.
د. فازل نه‌بى شاره‌زاى بوارى دارایی بۆ رادیۆى نه‌وا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، عیراق به‌زیادبوونى داهاتى نه‌وت و داهاته‌ ناوخۆییه‌كانى، ده‌توانێت چه‌ندین چاكسازى ئابورى له‌ وڵاتدا ئه‌نجام بدات وه‌ك ره‌خساندنى هه‌لى كار بۆ ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ بێكاران و هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م پرۆژه‌ راگیراوه‌كانى بخاته‌وه‌ كارو كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانى گرنگیش بخاته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group