ئەنجومەنەكەتان بۆ خۆتان

دیاری محەمەد

28/11/2019

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، زۆر شپرزە بوون، نەقیب و سكرتێری سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لەوە ناچێت لەناو بینایەك بن لەسەر شەقامی شەست مەتری پایتەخت، لێدوانەكانیان سەبارەت بە "پرۆژە یاسای ئەنجومەنی باڵای میدیا" پێچەوانەی یەكترن. 
لە دیدارەكانی رۆژانی رابردودا، نەقیبی سەندیكا پرۆژە یاساكە بە دەستكەوتی سەندیكا وەسفدەكات، بەڵام سكرتێری نەقابە بۆ NRT دەڵێت "هیچمان رانەگەیاندوە بەرپرس نین لەو پرۆژانە".
ئەوەی سەرنجی دوا كۆبونەوەی فراوانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانی دابێت، كە لە ژێر ناوی (كۆنفرانسی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی چوارەم)، بڕیاریان وایە كە یەكێك لە تەوەرەكانی كۆنگرەی داهاتوویان " كاربكەن لەسەر رێكخستنی بواری میدیا لە كوردستان، لە رێگەی پرۆژە یاساكانی ئەنجومەنی باڵای میدیا و یاسای بینراو و بیستراو"، تا ئێستا پرۆژە یاساكانیان بۆ رای گشتی بڵاونەكراوەتەوە.
نەقیبی رۆژنامەنوسان، لە دیدارەكانیدا لەم چەند رۆژەدا كە تەرخانكراوە بۆ شكاندنی رۆژنامەنوسان و هێرشكردنەسەر ئەو رۆژنامەنوس و رێكخراوانەی پێیانوایە ئەم پرۆژەیە دەبێتە بەدیلی یاسای كاری رۆژنامەنوسی و لەدوا دیداریدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلیكترۆنی پەیسەر پرێس، دەڵێت "هەن قازانجیان لەو بێسەروبەرەییەدایە و سوودیان لێ وەرگرتووە، لە حاڵەتی رێكخستنی میدیادا ئەو قازانج و سوودەیان نامێنێت، لەبەرئەوە دژایەتی پرۆژەكە دەكەن و نایانەوێت سەربگرێت". ئامادەیش نییە پرۆژەكەیان بخنە بەردەم رای گشتی و رۆژنامەنوسان و جەختدەكاتەوە "خەڵكانێك هەن بەناو رۆژنامەنووسن و خۆیان بە پیشەكەدا هەڵواسیوە، ناكرێت پرۆژەیەكی وا گرنگ بدرێتە دەست كەسانێك كە شارەزاییان لە راگەیاندندا نییە".
ئەم هێرشانەی نەقیبی رۆژنامەنوسان، بە كەم تێڕوانینی بۆ رۆژنامەنوسان و ئەو رێكخراوانەی داكۆكی لە ژینگەیەكی لەبار بۆ ئازادی میدیا دەكەن، نەك خزمەت بە سەندیكا ناكات بەڵكو خزمەتیش بە كەشی گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاساكە ناكات، كە بڕیارە لە كۆنگرەی داهاتووی سەندیكا گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت.
ئێمە لە سەنتەری میترۆ كە داوامان كردووە رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی میدیا پەلەنەكەن لە پشتیوانی ئەو پرۆژە یاسایەو بە دروشمی بریقەداری وەك ئەوەی "ئەنجومەن سەربەخۆ دەبێت" نەكەونە داوی سەندیكا و ئەوانەی زەمانێكە لەسەنگەردان بۆئەوەی ئەنجومەنی میدیا بكەنە بە دیلی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری. 
هەرێمی كوردستان لە قۆناغی گواستنەوەدایە بەرەو دیموكراسی، دەسكەوتی تەشریعی باش هەن لەناو ئەم دیموكراسیەتە ناتەواوە، بەڵام خەبات و فشاری زۆری ترمان ماوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایانە.
نە سەندیكاو نە پشتیوانانی "ئەنجومەنی میدیا" ناتوانن گرەنتی ئەوە بدەن كە لەناو ئەم هەموو  دەزگا "سەربەخۆ"یانەی هەرێم كە بە پشك پشكێنەی حزبەكان دامەزراوە، ئەنجومەنی میدیا خۆی دەربازبكات لە هەژمونی حزبەكان، هێلكەی دوو زەردێنەمان بۆ بەرهەم بهێنێ.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group