عێراق: حکومەتی ڕۆشنبیران تا کوێ بڕدەکات ؟

عادل باخەوان

24/06/2020

دە تێبینی لەسەر دۆخی ئێستای عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە :
1. لە عێراقدا حکومەتمان هەیە و سەرۆکایەتی حکومەتیشمان هەیە. زۆرینەی وەزیرەکان یان نوێنەری حیزبەکانن یان بە فلتەری حیزبەکاندا تێپەڕیون، بەڵام سەرۆکایەتی حکومەت لە ڕۆشنبیرە سەربەخۆکان پێکهاتوە، بۆنموونە موستەفا کازمی و هوشام داود و ئەحمەد مەلا تەلال و هتد.
2. ئەوەی حوکمی عێراق دەکات لە ئێستادا حکومەتی وەزیرەکان نین، بەڵکو ئەو ڕۆشنبیرانەن کە سەرۆکایەتی حکومەت پێکدەهێنن.
3. لێرەوە ڕۆژانە هەستبەوە دەکەین کە لە پشت پەردەکانەوە ململانێیەکی توند لەنێوان ئەم دوو حکومەتەدا لەسەربەشێکی زۆری ئیدارەی دۆسیەکان لە ئارادایە.
4. خاڵی هەرە لاوازی ئەم ڕۆشنبیرانە بریتیە لەوەی کە بنکەی جەماوەریان نیە و لە خواری خوارەوەی کۆمەڵگا دابڕاون و لە پەرلەمانیش نوێنەریان نیە.
5. ئەوەی ئەم ڕۆشنبیرانە و کازمی گەیاندە دەسەڵات ڕێکەوتنێکی نهێنی واشنتۆن و تارانبوو. واشنتۆن بەڵێنیدا بە تاران کە چاوپۆشی لێبکات و سزاکانی بەسەردا نەسەپێنێت سەبارەت بە پەیوەندیە بازرگانیەکانی لەگەڵ عێراقدا، گەربێت و لایەنگرانی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە کازمی بدەن. ئێران بەم مەرجەی ئەمەریکا ڕازیبوو. هەر ئەوەش وایکرد کە هەموو ئێرانیەکانی عێراق دەنگ بە کازمی بدەن کە بیست و چوار سەعات پێشتر نەفرەتیان لێدەکرد.
6. بێگومان هەر دەستکاریکردنێکی ئەم ڕێکەوتنە لەلایەن واشنتۆن یان تارانەوە ڕاستەوخۆ کۆتایی بە حکومەتەکەی کازمی دەهێنێت.
7. لە عێراقدا بە کوردستانیشەوە شتێک نیە بەناوی سیستمی ئابوری یان ئابوریی عێراقی. ئەوەی هەیە سپاردنی چل ملیۆن عێراقیە بە داهاتی نەوت، کە نرخی بەرمیل دابەزی، تەواوی کۆمەڵگای عێراقی دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەی مان و نەمانەوە.
8. لە 2003 وە تا ئێستا، نۆسەد ملیار دۆلار داهاتی نەوت هاتوەتە بەردەست حکومەتی عێراقی، بەڵام نەیتوانیوە شتێك بەناوی ژێرخانی ئابوری دروستبکات.
9. هەڕەشەی گەڕانەوەی بەهێزی داعش، هەڕەشەی قەیرانێکی مالیی سەخت، هەڕەشەی کۆرۆناڤایرۆس، هەڕەشەی جەنگی ناوخۆی براشیعەکان، هەڕەشەی تێکچونی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەمانە پێکەوە عێراق وەك دەوڵەت، وەك کۆمەڵگا و وەك خاك دەخەنە بەردەم گریمانەی بەهێزی هەڵوەشانەوەی دراماتیکیەوە.
10. هێندەی من ئاگادربم، بەشێکی گرنگی وڵاتانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، سەرەڕای پێداگرتنیان لەسەر یەکێتی خاکی عێراق، لە ئێستادا خۆیان بۆ دەرەنجامەکانی ئەم گریمانەیە ئامادەدەکەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group