قسەیەکی دڵسۆزانە بۆ یەکگرتووەکان

ئەبوبەكر عەلی

22/02/2021

لەبەر ئەوەی کۆنگرەی کۆمەڵ کاردانەوەی جۆراوجۆری لەناو یەکگرتوودا بەدوای خۆیدا ھێناوە، کە شتێکی سروشتیە، حەزدەکەم ئەم سەرنجانە بخەمە بەردەم خوشك و برایانی خۆم:

١-  دەزانم بەشێکی بەرچاو لە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ بە ئاستی جیاواز تاڵاوی دەرونیان چەشتوەو ھەستیان بە جۆرێك لە بەجێمان کردووە! لەو سۆنگەوە کە پێیان وایە ھەندێ ھەنگاو لە لایەن ھەندێ ھێزەوە دەنرێت، کە بە بروای ئەوان لە رابردوودا لە رووی فیکریی وسیاسی و کرانەوەشەوە زۆر لە دوای یەکگرتوەوە بوون، وە دەبوو حیزبەکەی ئەوان ئەم دەستپێشخەریەی بکردایەو ئەوەندە لە گۆڕانکاری نەترسایە. نایشارمەوە براشتان لە کاتێکدا دڵخۆش بووم بەوەی لەسەر ئاستی ھێزێکی ئیسلامیدا، ھەنگاوێ بەو ئاقارەدا نراوە لەگەڵ فیکرو ھەوڵەکانی ڕابردووم تەبایە، لەھەمان کاتدا، ھەستم بە دڵتەنگی دەکرد کە یەکگرتوو بەخوت و خۆڕایی بە بیانووی زۆر لاواز، چەندین دەرفەتی لەم روەوە لە دەست خۆیدا!.  
ھەر بۆیە لەم روەوە لە دڵەوە ھاوسۆزتانم، ئەوانەشتان لە رابردوودا بەشێ بوون لە ھەوڵی گۆڕانکاری، دڵتان بەوە خۆش بێت لە کاتی خۆیدا راست بیرتان کردۆتەوەو ھەڵوێستی راست و دڵسۆزانەتان بە ئاقاری بەرژەوەندییەکانی یەکگرتودا گرتووە. ھیوادارم بۆ بەشەکەی تریش کە بیرکردنەوەیەکی جیاوازیان ھەبووە، ببێتە ھۆکاری بیرکردنەوەیەکی جیاوازو دووبارە ھەڵسەنگاندنەوەی گوتارو تەرح و قەناعەتەکان.

٢— ھەوڵدەن یەکگرتوو بەرەو داخرانی زیاتر نەبرێت، چونکە بەش بەحاڵی خۆم  پێشبینی ئەوە دەکەم. بە حوکمی ئەوەی، یەکێ لە کێشەکانی بڕیاردانی یەکگرتوو لە چەندین ساڵی رابردوودا،  کەوتنە ژێر کاریگەری کۆمەڵبوو! بۆ نموونە یەکێ لەو پاساوە بەردەوامانەی بەرامبەر ھەر داواکاری و بانگەشەیەك بۆ کرانەوە جەختی لێدەکرایەوە، ئەوە بوو کە ھەنگاوێکی لەو شێوە کۆمەڵ دەیقۆزێتەوەو شەقامە ئیسلامییەکە بۆخۆی دەبات! ئێمەمانان زۆرمان لێ داواکردن لە ژێر ھەژموونی کۆمەڵ لەم روەوە بێینە دەرەوە، بەڵام بەداخەوە بێ سود بوو!!  ئستاش پێشبینی دەکرێت بە دیوەکەی ترداو بە ناوی ئەوەی کۆمەڵ ئاوەڵناوی ئیسلامیی لە خۆی کردۆتەوە، گۆرەپانەکە چۆڵ بووە و دەرفەتە بۆ راکێشانی سۆزی شەقامی ئیسلامی( کەنازانم چەندبوونی ھەیەو ئەگەر ھەیە چەندە)، ھەروەھا بە بیانووی ئەوەی ئێمە لەوە گەورەترین لاسایی کۆمەڵ بکەینەوە! بەرەو داخراوی زۆرتر برۆین؟

۳- تێگەیشتن لە دیاریکردنی کەرەسەو پێداویستیەکانی کاراو کاریگەربوونی سیاسی و نوێبوونەوەی روحی، مەسەلەیەکی زانستی و فیکرییە، بابەتی سۆزو حەماسەت بە خەرجدان نیە. سەرەتای ھەموو ھەڵسانەوەیەکیش، داننانە بە کەوتن و شکستدا.
جارێ شای ئێران داوای ھۆکاری شکستی شەڕێکی لە جەنراڵێکی خۆی کردبوو، ویستبووی پینەو پەڕۆ بکات، ئەویش وەساندبووی و پێی وتبوو: (تا دان بەشکستدا نەنێین و ھۆکارەکانی دیاری نەکەین، ناتوانین لە شەڕی داھاتودا بیبەینەوە!)
 بۆیە یەکگرتووەکان لە قازانجیانە دان بەوەدا بنێن ھەنگاوێك کە دەبوو ئەوان بینێن بە پاساوی لاواز نەیانتوانی! بەوەش دەرفەتێکی گرنگیان لە دەستدا. 
خۆ خەریککردنیش بەوەی با مۆرکی ئسلامی و دەعەوییەکەمان تۆختر بکەینەوە بۆ ئەوەی ھەندێ لە دەنگەکان بەدەست بێنینەوە؟ لە چەندین روەوە ھەڵەیە لەوانەش:

أ- ھەڵبژاردنی پێشووی کوردستان ناومان نەگۆڕیبوو  لەگەڵ بزوتنەوەش دابەزین و گوتارێکی خەستی ئیسلامیمان تەبەنی کرد کەچی لە سەدا ٦٠/ ی دەنگەکان و ٥٠/ ی کورسیەکانمان لەدەستدا.

ب- خەڵکی کوردستان تا راددەییەکی زۆر ئەوەی تێپەراندووە دین لە کادری حیزبی وەربگرێت و بەو ھۆیەشەوە جەماوەر کۆبکرێتەوە.

ج- کۆمەڵ دام و دەزگای دەعەوی زۆرترە، سەلەفییەکانیش بەشێکی باش لە گۆرەپانەکەیان پڕکردۆتەوە، بۆیە ئەگەر مەبەست گەشەدان بە کورسی و سیاسی بێت ڕێگەی خۆی ھەیە، بانگەوازو کاری روحی و ئەخلاقیش بەھەمان شێوە. 
بەکورتی، وا چاکە یەکگرتوو لە ژێر ھەژموونی کۆمەڵ و رەنگدانەوەکانی ململانێی حیزبیی نێوخۆیی بێتە دەرەوە و لە کاردانەوە خۆی بەدوور بگرێت. لە کەش و ھەوایەکی ئارام و ھەست بەلێپرسراویەکی قوڵدا بیر لە ئایندەو چارەنوسی خۆی بکاتەوەو ئەو ھۆکارو رەگانەش دیاری بکات کە چەندین ساڵە ڕێگرن لەوەی توانای قۆستنەوەی دەرفەتی فیکری و روحی و سیاسی ھەبێت و ئیرادەی گۆرانکاری لێ زەوتکردووە. ئاگاشی لەوە بێت وەک ھەر ھێزێکی تر مەشمولە بەرێسای خوایی (تداول)؛ وتلك الايام نداولها بين الناس.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group