پەندەكانی گەڕیدەیی

عەباس عەلی

25/08/2018

وڵاتی كرواتیا

گەر ئەتەوێ بزانی عیراقیبوون و كوردبوون واتای چییە بۆ ساتێك پاسپۆرتەكەت لە وڵاتی غەریبی ون بكە! یاخود ئەم بەسەرهاتەی من بخوێنەرەوە..
لە دیدارێكی میدیایدا وتم "تاكی كورد ئەتوانێ وابكات پاسپۆرتە عیراقییەكەی بەهێز بكات و وەك ئەوە وایە پاسپۆرتی وڵاتێكی پێشكەوتووی هەبێ".
لەخوارەوە ئەزموونێكی تاڵتان بۆ ئەگێڕمەوە كە ئەو بۆچوونەی سەرلەبەر گۆڕیم..
هەمیشە حەزم كردووە لە ئەزمونەوە قسە بكەم نەك قسەی گیرفان. هەرشتێكیش خۆم ئەزموونم نەكردبێ هەزاران كەس بۆم باس كەن هیچ بەهایەكی نەبووە ئەگەر خۆم لە نزیكەوە نەمدیبێ. جار هەبووە بۆ دوورترین وڵاتی دنیا گەشتم كردووە بۆئەوەی راستییەكان بەچاوی خۆم ببینم.
23-8 یەكێك بوو لەو رۆژانەی تەواو بۆچوونی منی لەسەر پرسێك گۆڕی، چونكە من باوەڕم بە بۆچوونی چەقبەستوو نییە، مرۆڤ بەردەوام بیری گەشە ئەكات.
لە وڵاتی كرواتیا پاش ئەوەی گەشتەكەم تەواو بوو، بە پاس بەرەو فڕۆكەخانە ڕۆشتم. لە پاسەكە دابەزیم و ویستم بەرەو فڕۆكەخانە بڕۆم بەرەو ئەڵمانیا، بینیم جانتاكەی ملم نەماوە كە پاسپۆرت و پارەی تیابوو.
بۆ لەحزەیەك تەزوویەكی سارد هات بە گیانما، وەك ئەوەی هەست كەم لە مرۆڤبوون كەوتبم، لەكاتێكدا من چەند خولەكێك پێش ئەوە ئەمتوانی بە هەموو ئەوروپا و ئەمریكای باكوردا گەشتبكەم بەو پاسپۆرتە، كەچی ئێستا بیر ئەكەمەوە چۆن بگەمەوە عیراق. دەستم كرد بە فلاش باك ئاخۆ سەرنشینەكەی تەنیشتم لێی دزیم؟ تۆ بڵێی لە پاسەكەدا بیرم چووبێ؟ دوو سێ جار دەستم لە خۆم یا بەڵكو ئێ خوایە خەو بێ. چونكە ئەوساتە زانیم كە من بێ ئەو پاسپۆرتە هیچ نیم!
كارەسات لێرەوە دەستیپێكرد:
خێرا دەستم كرد بە گەڕان بۆ باڵیۆزخانەی عیراق لە كرواتیا، بەڵكو فریای بەڵگەنامەی سەفەرم خەن بتوانم بگەڕێمەوە. گوگڵ زۆر داوای لێبوردنی كرد، وتی "باڵیۆزخانەتان نییە لێرە".
خێرا تەلەفۆنم كرد بۆ باڵیۆزخانەی عیراق لە بەرلین، وتی "ببوورە كاژێر 12 دەوامیان كۆتایی دێت". لێرەش مەلیكانە دەوام ئەكەن.
خێرا تەلەفۆنم كرد بۆ فڕۆكەخانە وتم ئەمەوێ بگەڕێمەوە ئەڵمانیا كارەساتێكی وام بەسەر هاتووە. كارمەندەكە سەرەتا وایزانی هەڵگری پاسپۆرتی ئەڵمانیم وتی ئەتوانین لە زاگریب پایتەختی كرواتیاوە بەڕێت كەین، كە وتم عیراقیم. وتی ئۆو كەواتە بێ دۆكیومێنت ناتوانی لەم وڵاتە بچیتە دەرەوە.
ئێ باشە كاكە ئەو هەموو پارەیە لە عیراق ئەبرێ و ئەخورێ بە تاڵانی ئەبەن بۆ دەستان تێ ناچێ دوو خزم دوو ناسیاو بنێرن لەو وڵاتە خۆشانە بۆخۆیان پارە بخۆن بە ناوی باڵیۆزەوە و جارجاریش هاووڵاتییەكی نەگبەتی وەك من پەكی بكەوێ بتوانێ پەناتان بۆ بەرێ؟!
بەهەرحاڵ چارەم نەما بە تەنزێكەوە بە خاتونەكەی فڕۆكەخانەم وت "نە ئەهێڵن بچمە دەرەوە بێ دۆكیومێنت نە رێگەیەكم پیشان ئەیەن ئەڵێن چی وەك پەنابەر خۆم رادەست كەم؟". وتی ببورە ناتوانین هیچت بۆ بكەین.
ئینجا دوامەنزڵ ناچار چووم بۆ بنكەی پۆلیس، شەرحی حاڵی خۆم بكەم بەڵكو دوای چەند رۆژێك زیندانیكردن تێبگەن من عیراقیم و بەرمیلە بارووتم. باشترین شت ئەوەیە لە كۆڵم كەنەوە، دیپۆرتی هۆمم كەنەوە.
پێش هەموو ئەمانە تەلەفۆنم بۆ كۆمپانیای پاسەكە كردبوو، كە گومان ئەكەم لە پاسەكە بیرم چووبێ. ئەویش وتی ئێمە نێوەندگیرین، تەلەفۆن بۆ ئەو كۆمپانیایە ئەكەم كە خاوەنی پاسەكەی تۆن، بەڵام پاسەكە بەڕێكەوتوە بۆ شارێكی تر ئەبێ چاوەڕوان بیت. زۆر لێی پاڕامەوە كە دۆخەكە زۆر خراپ ئەبێ ئەگەر ئەو پاسپۆرتە نەدۆزمەوە. بەڵام هیچ هیوایەكم لەسەر دانەنا وتم ئەگەر جێمهێشتبێ بەدڵنیاییەوە ئێستا لە گیرفانی سەرنشینێكی تردایە.
وەڵحاڵ بیرم كەوتەوە كورد بیت و عیراقی بیت، یەك پشت و پەنات هەیە ئەوم بیرچوبو. ئەویش خودایە.
وتم خوایە گیان هەرچیم لەگەڵ ئەكەی ئەمەیان مەكە، چونكە ئەمزانی چ كارەساتێكە گیرخواردن لە شوێنێكی وەهادا بۆ منێكی عیراقی.
لەو خەیاڵاتانەیە رۆچوبوم، ئەبێ چارەنوسم چی بێت؟ لە سەرەیا وەستابوم لە بنكەی پۆلیس هەتا نۆرەم بێت و خۆم بخەمە ژێر مەرحەمەتی پۆلیس كە بڕیارێك بات لەسەرم.
لەناكاو لە واتساپ نامەیەكم بۆ هات نوسرابو ئامادەی دەربارەی كەلوپەلە بزربوەكەت قسە بكەیت؟... ئەوە ئەوساتە بوو وەك ئەوە وابوو دارێك بكێشن بەسەرما.. سەرەتا وامزانی ئەو دزە دڵ نەرمەیە، كە لێی دزیوم و داوای پارە ئەكات.. بۆم نوسی بە دڵنیاییەوە. چیت ئەوێ لە پارە ئامادەم پاسپۆرتەكە نازانی چەند گرنگە بۆم.
روانیم پیاوەكەی كارمەندی كۆمپانیای پاسەكە بوو، هەواڵە خۆشەكەی پێ بوو، وتی پاسەكە گەڕاوەتەوە پاسپۆرت و جزدانەكەت وەك خۆیەتی وەری گرەوە... منیش هێندە باوەڕ پێ نەكراو بوو لام، دوو سێ جار وتم سوێن بخۆ بڵێ ئەم هەواڵە راستە. دایە قاقای پێكەنین و وتی خۆشحاڵم كە توانیم یارمەتیت بدەم منیش وەك تۆ نیگەران بوم.
دوای ئەوەش نامەی بۆناردم تا دڵنیابێت وەرمگرتۆتەوە.. لە خۆشیا یەك دنیا نامەی موغازەلەو ئیمۆجی و دڵ و گوڵم لەگەڵا گۆڕییەوە. پێم وت ئەگەر رێت كەوتە كوردستان و عیراق ئەمەوێ ئەم چاكەیەت بەمەوە. چونكە لە حكومەتی عیراق زیاتر فریام كەوت.
ئێستاش زوو زوو سەیری گیرفانی كراسەكەم ئەكەم، باوەڕی تەواوم نییە كە دۆزیبێتمەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group