ترامپ لە پشتەوە خەنجەرێكی دا لە كوردی سوریا

بەهادین نوری

20/12/2018

سەدساڵ لەمەوبەر، پاش جەنگی جیهانیی یەكەم، ئیمپڕالیزمی بەریتانی، كە ئەوكاتە بەهێزترین دەوڵەتی سەرمایەداری ئیمپرالیستی بوو لەجیهاندا، ‌هێزی سەربازی خۆی بەكارهێنا بۆ ڕێگرتن لەوەرگرتنی مافی ڕەوای كوردی عێراق لەدروستكردنی دەوڵەتی خۆیدا، ئەمڕۆش بەشێوەیەكی دیكە و لەدۆخێكیتردا گەورە سەرمایەداری سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ هەمان هەڵوێستی نائەخلاقی دوژمنكاری بەرانبەر كوردی سوریا وەردەگرێ، لەپڕ دەكشێتەوە و دەیانخاتە ژێر ڕەحمەتی تیژترین دوژمنی كورد ئەردۆگان، كە خەو بە دامەزراندنەوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیەوە دەبینێ.
ترامپ تا ئیشی بەو كوردانە هەبوو، باڵۆرەی بۆ لێدان و ئێستەش هەمان سیناریۆ دەبینێ كە پوتین لە عەفرین سازی كرد، بێ ئەوەی هیچ حسابێ بۆ ئەوەبكات كە چەندیان قوربانی داوە و چ رۆژانێكی سەخت چاوەڕێیانە.
ئەمریكا خۆی رێكخراوی قاعیدە و داعشی دروستكرد و خۆیشی دەیەوێ داعش بمێنێ بۆ ئەوەی ئارامی و سەربەخۆیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبێ و چەكی ئەمریكی هەر بازاڕی گەرم بێ، ئەم دەوڵەتە لاواز و گەندەڵكارانە هەر موحتاجی ئەمریكابن. داعش ماوە لە سوریا و ئەوان یارمەتی دەدەن بمێنێ.
ئەمە دەبێ ببێتە دەرسێ بۆ گەلی كورد و هەموو گەلانی دەوروبەر و باوەڕ بەكەسانی وەك ترامپ و بە ئیمپڕالیستەكان نەكەن.
خۆزگە ئەم رۆژانە لەشار و شارۆچكەكانی رۆژئاوا كوردەكان خۆپیشاندانی جەماوەرییان ساز بكردایە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی ترامپ و ئەمریكا، با هەموو جیهان بزانێ كەئەم كابرا بێئابڕووە خیانەتی لە كورد كرد.
خۆزگە كوردانی هەندەرانیش لە ئەوروپا و لە ئەمریكا هەمان خۆپیشاندانیان دەكرد لەو شارانەی تێیدا دەژین.
با داوا لە سیاسی و رۆشنبیرانی هەموولایەكی كوردستان و هەندەرانیش بكرێ یاداشتی ناڕەزایی پێشكەشبكەن بە ئەمریكا و ئەوروپا و UN ...  هتد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group