نەوشیروان مستەفا چی گوت؟!

عەلی كەریمی

پێش 3 هەفتە

دوای زیاتر لە شەش مانگ‌ و پێكنەهاتن لەسەر حكومەتێكی هەرێمیی ‌و لۆكاڵی لەناو دەوڵەتێكی وەك عێراق، دەمهەوێت چەند قسەیەك لەسەر ئەم بابەتە بكەم كە چەند رۆژێكە هەموو كۆمەڵانی خەڵكی سەرقاڵ كردووە.
مافیای دەسەڵات لە هەرێم، هەركات ویستیان بە جۆرەها حیلەی شەرعی ‌و ناشەرعی، هێنانەپێشی خەڵكی ناشیا‌و و پڕكەرەوەی پۆستی سەرۆك‌ و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان، زۆر بەپەلە‌ و بزۆزانە، خوێندنەوەی یەكەم‌ و دووەم‌ و سێهەم‌ و.. هتد لەماوەیەكی كورتدا دێننە كایەوە، بەبێ ئەوەی بیر لە بەرژەوەندی باڵای خەڵك‌ و رازیبوون‌ و ناڕازیبوونی لایەن‌ و گروپەكانی دیكە بكەنەوە، بەتایبەتیش لە پرسی سەرۆكی هەرێمدا.
وەرگرتنی ئەم پۆستە بەم حاڵە زەلیل‌ و پاڕانەوە‌ و بەبێ لایەكی گەورەی كوردستان، وەك سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان‌ و قەڵادزێ‌ و تەنانەت كەركوك، دەتوانێت چ ئەرزیش ‌و بایەخێكی سیاسی‌ و مەشروعییەتیی هەبێ.
هیوادارم كەسایەتی وەك نێچیروان، كە گوایا تاقە كاندیدی ئەم پۆستەیە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان، وە لایەكیشی لە بنەماڵەیەكی ناسراو و كۆنی وەكو (حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا)یە، هەرگیز بەم هەموو سوكییەی كە تائێستا لەلایەن زۆربەی خەڵك‌ و بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان‌ و ئۆپۆزسیۆنی جاران‌ و خودی شەخسی كاك نەوشیروان بەم پۆست‌ و ئۆرگانەكراوە، رازی نەبێ ‌و، قەبوڵی ئەوە نەكات بەم نرخە ببێت بە سەرۆكی هەرێم، تەنیا بۆ رازیكردنی ژنبراكەی كە چاوەڕێیە بێسەبرانە بكرێتە سەرۆكی حكومەت‌ و خەزوریشی بكرێتە مەرجەع بەناوی "بارەگای بارزانی".
چەند مانگ پێش، دوای ئیعلانی نەتائیجی ئینتیخابات، بەئاشكرا ئەم سیناریۆیەم كە ئەمڕۆ شاهیدین‌ و دەگوزەرێ، باسكرد، ئەوەی رۆژی 3-4-2019 مەسعود بارزانی لە كردنەوەی پێشەنگای كتێب لە هەولێر گوتی، ئەم هەڵچونەم، رێك وەك هەڵچونەكەی سەردەمی ریفراندۆم هاتەپێش چاو، زیاتر لێم وەڕاست گەڕا، كە بەراست ئەم پیاوە زۆر سیاسی نییە ‌و لەسەر ئینفیعال ‌و هەستی دەمدەمی زۆرتر سیاسەت دەكات، تاوەكو مرۆڤێكی پڕ لە هەڵگری بەرپرسیارێتیی و كامڵ‌ و سەرۆكی وڵاتێك، بۆیە حەقە بڵێین، بەڕاستی ئیتر بەسە‌ و چیتر بەم لێدوان‌ و ئیحساسات‌ و تەحریك بوونە كاتییانە، تۆ ناتوانیت سیاسەت بكەیت‌ و چارەنوسی گەلێكی هەژار‌و بێدەرەتانی وەك كورد، لە دەستی نائەمینی وەك ئێوەدا بێت.
حەقە بە گۆڕان بگوترێت، نەچێتە ژێر باری ئەو موئامەرە ناشەریفە‌و بیر لە دەنگدەرو داهاتووی زۆر زووی خۆی بكاتەوە، لە تۆڵەسەندنەوە‌و جەماوەری نیو ملیۆنی خۆیان بترسن، بێتو دەست لە سیاسەتی ئەمڕۆی خۆیان هەڵنەگرن! بەدڵنیایی پێیان دەڵێم، دەكەونە بەر غەزەبی جەماوەری دڵسۆزی خۆیان، چیتر نەچنە ژێر باری فشاری چەند كەسێكی بەرژەوەندی تەڵەب، وە چاو لە كێكی دەسەڵات ببڕن، من بەدڵنیایی پێیان دەڵێم، كاك نەوشیروان نەیگوت ئاوا تەسلیمی هەموو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بن، بەڵكو ئەو باسی لە پۆستی تەشریفاتی سەرۆكی هەرێم دەكرد‌و تەنانەت ئەم پۆستەی زۆر پێ زیاد‌ و بە مەركەزی گەندەڵی دەزانی، بەڵگە بۆ ئەمە قسەكانی كاك نەوشیروانە دوای چونی سەرۆكی پەرلەمانی ئەوكات بۆ ماڵەكەی، كە لە دانیشتنێكی تایبەتدا بۆ هەڵسوڕاوانی باسكرد‌ و جەختی كردەوە لەسەر تەشریفاتبوونی ئەو پۆستە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group