دەبوایە ئاسایشی هەرێم پێش ئاسایشی عیراق ئەو كارەی بكردایە

محەمەد فاتیح

08/04/2019

هێندە كاری نەشیاو و ناشرین دەبینین بنی زمان و سەری زمانمان بووە بە رەخنەگرتن و ناڕەزایی دەربڕین، بەڵام جێگای خۆیەتی كە كارێك یان هەنگاوێكی جوان بەدی دەكەین، بەدەر لەوەی كێ دەیكات و لەلایەن كێوە دەكرێت ستایشی بكەین و پێزانینی خۆمانی بۆ دەرببڕین.
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەندە بە سودە، دە ئەوەندە زیانی هەیە بە تایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، چەندەها چیرۆكی جۆراوجۆری ناخۆشی لێكەوتوەتەوە هەر لە هەڕەشكردن و قوڵبڕین و ناشرینكردنی ناوی ئەم و ئەو و كەسایەتیەكان تاكو ئاژاوەنانەوە لە ناو كۆمەڵگا و خێزان و جیاكردنەوەیان لە یەكتری و تەنانەت هێندێكجار كار گەیشتوەتە ئەوەی ئەوانەی هەڕەشەی ئابڕوچونیان لێدەكرێت، خۆیان بكوژن .
ئاسایشی نیشتمانیی عیراق كارێكی نمونەیی لەسەرئاستی ناوچەی خۆرهەڵات پێشكەشكردوە و پەیامێك ئاراستەی هاووڵاتیانی عیراق دەكات و داوایان لێدەكات هەر كات لە رێگەی سۆشیال میدیاوە هەڕەشەیان لێكرا دەتوانن پەیوەندی بكەن بە دوو ژمارە تەلەفونەوە كە بۆ ئەو مەبەستە دیاریكراون.
بە گوێرەی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق كە ئاراستەی هاووڵاتیان كراوە، ئاماژە بەوەكراوە ئەگەر هەڕەشەو سوكایەتیت پێكرا لەلایەن هەر پەیج و ئەكاونتێكی فەیسبوك و ئینستاگرام یان هەر لاپەڕەیەكی ئینتەرنێتەوە ئەوا لە ڕێگەی ئەم دوو ژمارەیەوە 533 و 131 پەیوەندی بكە بە بەشی بەدواداچونی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق كە كەسانی شارەزا و راهێنراوی نێودەوڵەتی كار لەو بەشەدا دەكەن، هەروەك بە نوێترین پڕۆگرام و ئامێر كاردەكەن بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی هەڕەشە و سوكایەتی بە خەڵك دەكەن لە رێگای ئینتەرنێتەوە و بەڕێوەبەرایەتییەكەش بە تەواوی ناو و كێشەی شكاتكارەكە دەپارێزێت و بە نهێنی كاردەكات بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تاوانكارەكە.
ئەم كارەی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق هەنگاوێكی بێوێنەیە نەك تەنها لە عیراق بەڵكو لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ... كۆنتڕۆڵكردنی كێشە كۆمەڵایەتیەكانیش هیچی كەمتر نییە لە بەرقەراربونی ئاسایش و ئارامی و سیمایەكی جوانتر بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت.
كێشەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هیچی كەمتر نییە لەكێشەكانی دیكەی ژیانمان و بگرە ئاڵۆزتر و ناخۆشتریشە، كە مرۆڤ زۆرجار دەستەوسان دەبێت و نازانێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، تەنانەت ئەتوانین بڵێین چارەسەركردنی ئەم كێشانە ئەستەمە، بۆیە پاراستنی تایبەتمەندیەكانی هاووڵاتیانی عیراق لەلایەن ئاسایشی نیشتمانیی عیراقەوە نەك هەر جێگای سوپاس و پێزانین و دەستخۆشییە، بەڵكو ئەوە دەسەلمێنێت كە سەرەڕای ئەو هەموو كەموكوڕی و نادادی و نایەكسانییە و زوڵمە زۆرە و گەندەڵییەی لەعیراقدا هەیە، هێشتا خەمخۆریان ماوە و دەستی یارمەتی و هاوكارییان بۆ درێژدەكەن.
سەرەڕای دەستخۆشیشمان لە ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە بەشێكە لە بەرقەراربونی ئاسایش و ئارامی هەرێمی كوردستان، بەڵام پێویستە چاو لە ئاسایشی نیشتمانیی عیراق بكات و ئەو هەنگاوەی ئەو بنێت بۆ رێگریكردن لەو هەموو كار و كردەوە ناشرینانەی لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەنجام دەدرێن و خەریكە سیمای جوانی مرۆڤایەتی هەرێمی كوردستان دەشێوێنن، بەڵكو دەبوایە ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێش ئاسایشی عیراق ئەو كارەی بكردایە.
پێویست بوو ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشەنگ بونایە لە پاراستنی تایبەتمەندییەكانی هاووڵاتیانی هەرێم و رێگریكردن لە كارە ناشرین و قێزەوەن و ناشیاوەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەروەكو چۆن پێشەنگن لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و بەرقەراركردنی ئاسایش و ئارامی لە هەرێمی كوردستاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group