گۆڕانی كەشوهەوا بۆتە هۆی لەناوبردنی فیلەكان

10/02/2024 هەمەڕەنگ

نەوا-
زیاتر لە 100 فیل لە زیمبابۆی بەهۆی وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەوا  گیانیان لەدەستدا.
بەپێی راپۆرتێكی كۆمەڵەی مرۆیی، لەپاركی بەناوبانگی وانگی لە زیمبابۆی  لانیكەم 100 فیل بەهۆی كەمی ئاوەوە لەناوچون. 
ئەمە یەكەمجار نیە كە وشكەساڵی بوەتە هۆی مردنی فیلەكان لە زیمبابۆی، چونكە لە ساڵانی رابردودا چەندین فیل بەهۆی تینوێتییەوە گیانیان لەدەستداوە، لە پاركی وانگی كە گەورەترین پاركە لە زیمبابۆی، هیچ لقێكی گەورەی روباری لەسەر نییە، ئەم پاركە بەهۆی كەمبونەوەی ئاوی سەرزەوی پشت بە ئاوی دەستكرد دەبەستێت و 104 بیری هەیە كە بە وزەی خۆر كاردەكەن، بەڵام بەس نین بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو شەپۆلە گەرما توندانەی كە ئاوی بیرەكان وشك دەكەنەوەو ئاژەڵە كێوییەكان ناچار دەكەن لە مەودای دورەوە بگەڕێن بەدوای ئاو و خۆراكدا.
تەمەنی فیلەكان بەشێوەیەكی سەرەكی پەیوەستە بە ئاوەوە، بەو پێیەی فیلێكی تەواوی گەورەبو پێویستی بە 200 لیتر ئاو هەیە لە رۆژێكدا كە دەكاتە 53 گاڵۆن.
 پاركی وانگی 45 هەزار فیل لەخۆدەگرێت كە لە روبەری 14 هەزار و 600 كیلۆمەتر چوارگۆشەدا دەژین، ئەمە مانای ئەوەیە كە زیاتریان لەدەست دەدرێت بەهۆی گۆڕانكارییە توندەكانی كەشوهەوا.وە
كاتێك گیاندارەكان ئاو و خۆراكی پێویستیان دەست ناكەوێت، بۆ شوێنەكانی دور دەڕۆن و بەدوایدا دەگەڕێن. 
لەمانگی ئەیلولی ساڵی رابردو، دەزگای پارك و گیانلەبەرە كێوییەكانی زیمبابۆی رایگەیاندبو كە زۆرێك لە ئاژەڵەكان پاركەكانیان بەجێهێشتوەو بەدوای ئاو و خۆراكدا دەگەڕێن.
كۆمەڵگەی مرۆیی پرسی مردنی ئاژەڵ بە یەكێك لە نیشاندەرەكانی ئەو كێشە ئاڵۆزانە دەزانێت كە مەترسی لەسەر پاراستنی سامانە سروشتییەكانی ناوچەكە دروست دەكات كە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا خراپتر بوە.

 ئامادەكردنی/ رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group