شاومی لە دروستكردنی مۆبایلەوە دەیەوێت بە ئۆتۆمبێل ركابەریی پۆرش و تێسلا بكات

17/03/2024 هەمەڕەنگ

نەوا-
كۆمپانیای شاومی چینی كە بەرهەمهێنەری مۆبایلە زیرەكەكانە یەكەم ئۆتۆمبێلی كارەبایی خۆی نمایشكردو رایگەیاند كە ئامانجی ئەوەیە ببێتە یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا.
ماڵپەڕی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە، كۆمپانیای شاومی چینی بەرهەمهێنەری مۆبایلە زیرەكەكان یەكەم ئۆتۆمبێلی كارەبایی خۆی بەناوی SU7 نمایشكردو دەستبەجێ رایگەیاند كە ئامانجی ئەوەیە ببێتە یەكێك لە پێنج گەورەترین كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لەجیهاندا، لی جون بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە لە وەسفی ئۆتۆمبێلەكەدا باسی لەوەكردوە، تەكنەلۆژیای ماتۆڕی كارەبایی بەهێزی تێدایە كە توانای خێراكردنی زیاتری هەیە لە ئۆتۆمبێلە كارەباییەكانی تێسلا و پۆرش.
پێشبینی ئەوەشكراوەكە ئۆتۆمبێلەكە لە ماوەی چەند مانگێكدا بخرێتە بازاڕەوە.
لە میانی مەراسیمی پەردەلادانی ئۆتۆمبێلەكەدا (لی) وتویەتی، لەرێگەی كاری قورس و بەردەوامەوە لە ماوەی 15 بۆ 20 ساڵی داهاتودا دەبینە یەكێك لە پێنج گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل لە جیهانداو هەوڵدەدەین پیشەسازییەكە پێشبخەین.
باس لەوەشكراوە، پێشبینی دەكرێت ئۆتۆمبێلی SU7 بەهۆی سیستمی كارپێكردنی هاوبەشی لەگەڵ مۆبایلە بەناوبانگەكانی شاومی و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكانی دیكەدا كڕیارەكانی بۆ لای خۆی رابكێشێت و شۆفێران دەتوانن بەبێ كێشە دەستیان بگات بەو كۆمەڵە ئەپڵیكەیشنە كە لە مۆبایلەكانی كۆمپانیاكەدا هەن، ئەو ئۆتۆمبێلە نوێیە بە دو جۆر دەخرێتە بازاڕەوە كە یەكێكیان مەودای لێخوڕینی دەگاتە 668 كیلۆمەتر بە یەك بارگاویكردنەوە، ئەوی دیكەشیان مەودای لێخوڕینی دەگاتە 800 كیلۆمەتر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group