چین بەنیازە بە زیرەكیی دەستكرد گەورەترین هێڵی شەمەندۆفێر بەڕێوەببات

18/03/2024 هەمەڕەنگ

نەوا-
وڵاتی چین رایگەیاند، زیرەكی دەستكرد بەكاردەهێنن بۆ بەڕێوەبردنی گەورەترین تۆڕی شەمەندۆفێری خێرا لە جیهاندا كە درێژییەكەی نزیكەی 45 هەزار كیلۆمەتر دەبێت.
چین بەم هەنگاوەی دەبێتە خاوەنی گەورەترین تۆڕی هێڵی ئاسنین لەسەر زەوی كە درێژییەكەی نزیكەی 45 كیلۆمەتر دەبێت و لەلایەن سەنتەرێكی تایبەتەوە لە پەكینی پایتەخت بەڕێوەدەبرێت، بەگوێرەی وتەی ئەو ئەندازیارانەی كار لەسەر پڕۆژەكە دەكەن، رێژەی وردبینی سیستمەكە بەرزە كە نزیكەی 89%یەو بە زیرەكی دەستكرد ژمارەیەكی زۆری داتا لەسەرتاسەری وڵاتدا لەكاتی خۆیدا كۆدەكاتەوە، هەروەها لە ماوەی 40 خولەكدا توانای ئاگاداركردنەوەی ئەو تیمانەی هەیە كە بەرپرسیارن لە چاككردنەوەی كێشە تەكنیكییەكان لە ئەگەری رودانیاندا.
لیو داون ئەندازیاری باڵا لە سەنتەری پشكنینی ژێرخانی گروپی هێڵی ئاسنینی چین ئاماژە بەوە دەكات، سیستمەكە كارایی بەرزی هەیەو یارمەتی تیمەكانی چاككردنەوە دەدات بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانیان بە خێرایی.
تائێستا چین خاوەنی خێراترین شەمەندۆفێرەكانە لە جیهاندا بە تێكڕای خێرایی 350 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا و پلانی هەیە لەساڵی داهاتودا خێراییەكەی بۆ 400 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا بەرزبكاتەوە، حكومەتی وڵاتەكەش پلانی هەیە بەردەوام بێت لە فراوانكردنی تۆڕەكانی شەمەندۆفێر بۆئەوەی هەمو ئەو شارانە بگرێتەوە كە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە نیو ملیۆن كەسە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group