لە ئیتاڵیا "كارەساتی جەرگبڕ" رویدا

14/08/2018 جیهان

نەوا


بەهۆی داڕوخانی بەرزەپردێكی رێگایەكی سەرەكی لە شاری جەنەوای ئیتاڵیا، دەیان كەس گیانیان لە دەستدا.
ئەمڕۆ لەگەڵ هەڵكردنی گەردەلولێكی لەناكاو و توند و بونی تەمێكی زۆر، بەرزەپردەكە روخاوە و كەناڵی "سكای تی جی 24"ی تایبەتیش ئاماژەی بەوەداوە، بەشێكی 200 مەتری لە پردەكە، كە درێژییەكەی زیاتر لە كیلۆمەترێكە و دەكەوێتەسەر ناوچەی پیشەسازی شاری جەنەوا، روخاوە.


تیمی فریاگوزاری و حكومەتی ئیتاڵیاش ترسی ئەوەیان هەیە كارەساتی جەرگبڕ رویدا بێت، بەتایبەت، كە ئەو بەشەی پردەكە بەسەر ناوچەی پیشەسازی و ماڵی هاووڵاتیانیشدا روخاوە و پێشبینی دەكرێت دەیان كەس تێیدا بوبێتنە قوربانی و گیانیان لەدەستدابێت. تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵەش گیان لەدەستدانی 11 كەس دوپاتكراوەتەوە.
لەوبارەیەشەوە دانیلۆ تونینلی وەزیری گواستنەوەی ئیتاڵیا لە رێی تویتەرەوە نوسیویەتی "بە نیگەرانییەكی زۆرەوە بەدواداچون بۆ روداوەكەی جەنەوا دەكەم، پێدەچێت كارەساتێكی گەورە رویدابێت".
بەرزەپردەكە لە ساڵانی 60ی سەدەی رابردو بنیاتنراوە و ساڵی 2016 نۆژەنكراوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group