ئەمریكا پرۆفیسۆرێكی وڵاتەكەی دەستگیركرد و دەوترێت ڤایرۆسی كۆرۆنای بە چین فرۆشتووە

09/04/2020 جیهان

نەوا
لە ئەمریكا دەستگیركردنی پرۆفیسۆرێكی زانكۆی هارڤارد بوەتە جێی مشتومڕ، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەوترێت پرۆفیسۆرەكە بەهۆی فرۆشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە چین دەستگیركراوە، وەزارەتی دادی ئەمریكاش رەتیدەكاتەوە.
چەند رۆژێك لەمەوبەر پۆلیسی ئەمریكا زانایەكی بەناوی چارلس لیبەر دەستگیركرد، كە لە زانكۆی هارڤارد پرۆفیسۆرە و پسپۆڕی زانست و تەكنەلۆژیای "نانۆ"یە، دواتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە ئەو زانایە  ڤایرۆسی كۆرۆنای وەك چەكێكی بایەلۆژی دروستكردووە و دواتر ڤایرۆسەكەی بە چین فرۆشتووە، بۆیە دەستگیركراوە.
بەڵام وەزارەتی دادی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكیدا ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە و دەڵێت، دەستگیركردنی ئەو پرۆفیسۆرە لەسەر فرۆشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە بە چین، بەڵكو لەسەر بوونی پەیوەندی ناڕوونی لەگەڵ حكومەتی چین دەستگیركراوە، هاوكات لەگەڵ ئەم پرۆفیسۆرە دوو لێكۆڵەری دیكەی چینیش دەستگیركراون.
دكتۆر چارلس لە ساڵی 2011-وە وەكو زانایەكی ستراتیژی لە زانكۆی تەكنەلۆژیای ووهان-ی چین ناسێنراوە و مانگانە لەلایەن زانكۆكەوە 50 هەزار دۆلاری پێدراوە، هەروەها ملیۆنێك و 500 هەزار دۆلاری بۆ خەرجكراوە بۆ دامەزراندنی تاقیگەیەك لە ووهان.
وەزارەتی دادی ئەمریكا گلەیی ئەوەشی لەو زانایە هەیە، كە زانیاریی هەڵەی لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی چین داوە و ئەو پارانەشی ئاشكرانەكردووە كە حكومەتی چین بۆ هاوكارییەكانی پێیداوە.
 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group