راوێژكارێكی فوئاد مەعسوم: عەبادی لەگەڵ گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ كەركوك

16/07/2018

نەوا

راوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عیراق دەڵێت، "دابەشبوونی ماڵی شیعی بەسەر دووبەرە و قوڵبوونی ناكۆكیەكانی نێوانیان، دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ئەمجارە لە پێكهێنانی حكومەتدا كورد سەرجەم داواكاریەكانی بچەسپێنێت"، ئاشكراشی دەكات، كە سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك كردۆتەوە، سەبارەت بە خۆكاندیدكردنەوەی فوئاد مەعسومیش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەڵێت، "ئەگەر خواستێكی لەو جۆرەی هەبێت، ئەوە مافی خۆیەتی".
عەبدوڵا عەلیاوایی راوێژكاری سەرۆكی كۆماری عێراق لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا سەبارەت بە چۆنێتی بەشداری كورد لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق وتی: "ئەگەر لایەنە كوردیەكان ئەمجارە یەك بگرن و یەكدەنگ بن، دەتوانن سەرجەم مافەكانی خۆیان بچەسپێنن".
رونیشیكردەوە، ئەمجارەیان ناوماڵی شیعە بەسەر دووبەرەدا دابەشبووە ناكۆكی نێوانیان بەرادەیەك قوڵە كە گەیاندنیان بە یەكتر زۆر دژوارە، لەبەر ئەوەی ناكۆكیەكە مێژووییە و رەگ و ریشەیەكی زۆری هەیە و خوێنیش كەوتوەتە نێوانیان، بۆیە ئەگەر كورد لەگەڵ لایەنێكیان رێكبكەوێت دەتوانێت داواكاریەكانی بچەسپێنێت.
عەبدوڵا عەلیاوایی سەبارەت بە پرسی كەركوك و مادەی 140 ی ئاماژەی بەوەكرد، بیست رۆژ بەر لە ئێستا لە كۆبوونەوەیەكدا بەشداربووە و تیایدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتویەتی، "ناتوانرێت بە بێ پێشمەرگە، كەركوك لە بەرامبەر داعش بپارێزرێت" و داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەی كردووە و گفتوگۆش لەو بارەوە بەردەوامە، بەڵام هەندێك لایەنی توركمانی و عەرەبی دژی ئەوەن، سەرەڕای ئەوانەش عەبادی وتویەتی، "هیچ چارمان نییە و دەبێت لەگەڵ پێشمەرگە رێبكەوین و پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە".
ناوبراو بڕوای خۆیشی نیشاندا كە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان یارمەتیدەر دەبێت بۆ جێبەجێ كردنی مادەی 140.
راوێژكارەكەی سەرۆك كۆماری عێراق سەبارەت بەوەی ئایا فوئاد مەعسوم خواستی ئەوەی هەیە جارێكی تر خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكاتەوە، وتی: "تا ئێستا شتێكی لەو جۆرەی لە سەرۆك كۆمار نەپرسیوە و نازانرێت كە خواستێكی وای هەیە یان نا، بەڵام ئەگەر خواستێكی لەو جۆرەشی هەبێت مافی خۆیەتی".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group