رێبەر ئەحمەد: هیچ گروپێكی تیرۆریستی لەهەرێمی كوردستان بونی نیە

پێش 2 هەفتە

وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو حزبانەی وڵاتانی دراوسێ لەهەرێمی كوردستانن ئۆپۆزسیۆنن نەك تیرۆریست.
لە هەشتەمین دیداری زانكۆی ئەمریكی لەسلێمانی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەپێی دەستوری عیراق حكومەتێكی فیدراڵی هەیە دەستەواژەی ناوەندێتی لەهیچ شوێنێكی دەستوردا نەهاتوە، داوا لەهەموو سیاسییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان و راگەیاندنەكان دەكەم خۆیان بپارێزن لە دەستەواژەی حكومەتی ناوەندیی، چونكە بونی ئەم دەستەواژەیە لە دەستوری عیراقدا بونی نیەو لە دەستوردا هاتوە كە عیراق پێكدێت لە حكومەتێكی فیدراڵی و  حكومەتەكانی هەرێم و پارێزگاكان، بۆیە بەكارهێنانی ئەم دەستەواژەیە لە عەقڵیەتێكی ناوەندێتیەوە دەردەچێت.
رێبەر ئەحمەد لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتیشی: هیچ گروپێكی تیرۆریستی لەهەرێمی كوردستان بونی نیە، هەروەها لەناوچە سنورییەكان هەندێك وڵات دەستەواژەی تیرۆر بۆ هەندێك گروپ بەكاردەهێنن كە سەرچاوەكەی بۆچون و سیاسەتی وڵاتەكە خۆیەتی.
وەزیری ناوخۆی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كێشەیەك هەیە بەناوی كێشەی كوردو كوردستان كەس ئامادەنیە خۆی لەچارەسەركردنی بنەڕەتی ئەو كێشەیە بدات، كۆمەڵێك خەڵكی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەعیراق بونیان هەبوە لەپێش ساڵی 1991ـەوە لەلایەن ئێرانەوە ناویان لێنراوە تیرۆریست، بەلای ئێمەوە ئەمانە حزبی كوردی ئۆپۆزسیۆنن، پەكەكەش توركیا بەپێی بەرژەوەندی خۆی ناوی لێناون تیرۆریست، بەڵام لە عیراق هێشتا ئەم حزبە وەك تیرۆریست نەناسێنراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group