سۆران عومەر: لە فرۆشتنی بەرمیلێك نەوت 6 دۆلار ماوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێم

پێش 2 هەفتە

نەوا-
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، بەپێی نوسراوی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم ساڵی 2023 لەفرۆشتنی هەر بەرمیلێك نەوت 6 دۆلار ماوەتەوە.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم بە نوسراوی فەرمی زانیاری بەرهەمهێنانی نەوت دەخەنە بەردەست تیمی وردبینی چاودێری دارایی عیراق و هەرێم، بەپێی نوسراوەكەی هەرێم لەساڵی 2023 دا بڕی 93 ملیۆن و 829 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، لەو بڕە 31 ملیۆن بەرمیلی تا 25-3-2023 بە بۆری هەناردەكراوە.
باسی لەوەشكردوە، لەو بڕە نەوتەی كە هەناردەكراوە 11 ملیۆن و 816 هەزار بەرمیلی دراوە بەعیراق، 16 ملیۆن و 563 هەزار بەرمیلی لەناوخۆ بەكارهاتوە بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێك 7.5 دۆلار دراوە بە پاڵاوگە، لەكاتێكدا ئەو پاڵاوتنە بەبازرگانی فرۆشراوەو بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ نەبوە، لەم نێوەندەدا 33 ملیۆن و 829 هەزار بەرمیل نەوت دیار نیە.
رونیشیكردۆتەوە، هەرێم دەڵێت راستەوخۆ فرۆشتومانە بە پاڵاوگەكان بە ترلیۆنێك و 357 ملیار دینار، ئەمە ئەو نەوتەیە كە بەتەنكەر دەیفرۆشن و دەبرێتە دەرەوە بەقاچاخ، داهاتی نەوتی ساڵی 2023 بە 3 ملیارو 621 ملیۆن دۆلار وخەرجییەكەی بە 3 ملیارو 67 ملیۆن دۆلار دانراوە، كە تەنها 554 ملیۆن دۆلار ماوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێم و بەو پێیەش لەفرۆشی هەر بەرمیلێك نەوت 6 دۆلار ماوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group