نەوا-
گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی یەكێتیی ژورە بازرگانیەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ سوریا بەردەوامەو رۆژانە كاڵای هەرێم دەنێردرێتە شارەكانی سوریاو رۆژئاوای كوردستان، هەرچەندە لە سوریاوە هاوردە بۆ هەرێمی كوردستان كەمە، بەڵام رۆژانە كەرەستەی جیاواز هەناردەی ئەو وڵاتە دەكرێت.
ئەوەشی باسكردوە، شتومەكی جیاواز لە هەرێمی كوردستانەوە دەبرێتە سوریاو زۆرینەیان كەرەستەی بیناسازی و پێداویستی كشتوكاڵین، لەوانەش بەرهەمی كارگەكانی ناوخۆ وەك شیش، چیمەنتۆو پێداویستییەكانی دیكەی بیناسازی، لەپێداویستییە كشتوكاڵیەكانیش وەك پەینی كیمیایی، ئێستا سوریا بوەتە دەروازەیەكی ترانزێت بۆ هەرێمی كوردستان و بەشێكی ئەو كەرەستانەی لە توركیاوە هاوردە دەكرێن دەبردرێنە دەروازەی رەبیعە لە سوریاو لەوێوە دەهێنرێنە كوردستان.
جێی ئاماژەیە، هەرێمی كوردستان و عیراق زیاتر لە 600 كلیۆمەتر سنوری هاوبەشیان لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان و سوریا هەیە.