نەوا-
بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتو دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لەسەر سكاڵایەكی تایبەت بە پەرلەمانی كوردستان كۆبێتەوە.
عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان كە سكاڵاكەی تۆمار كردوە لەوبارەیەوە بڵاویكردوەتەوە، دوای 8 مانگ و 10 رۆژ لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردن و 7 مانگ لە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و سودمەندبون لە ئیمتیازی مادی و مەعنەوی پەرلەمان، بەڵام دەرگای پەرلەمان بەداخراوی ماوەتەوەو زۆرینەی پەرلەمانیی ئامادە نین تەنانەت رێز لە دەنگدەرانی خۆشیان بگرن.
گوڵپی راشیگەیاندوە، بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و هێنانە كایەی پەرلەمانێك كە لە ئاست نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستاندا بێت و توانای لێپرسینەوەی لە حكومەت و دەسەڵاتی جێبەجێكردن هەبێت.
وتوشیەتی: پاش خانەنشینبونی سەرۆكی پێشوی دادگای فیدراڵی و دەستبەكاربونی سەرۆكی نوێ، دادگاكە دەستدەكاتەوە بە دانیشتنەكانی خۆی و بینینی سكاڵاو داواكان، بەپێی خشتەی دانیشتنەكانیش تائێستا سكاڵاكەیان كە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماریانكردوە لەشوێنی خۆیەتی و رۆژی یەكشەممە 6/7 ئامادەی یەكەم دانیشتن دەبن لەسەر داواكە.