نەوا-
بڕیارە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە كەمدەرامەتەكان دروست بكرێت.
سامان عارەب بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر رایگەیاند، لە كۆی گشتی ئەو 20 هەزار یەكەیەی دروست دەكرێت، شەش هەزار یەكەیان لە شاری هەولێر دەبن، ئاماژەی بەوەش كرد هەرچەندە لە ئێستادا كاركردن لە پڕۆژەكەدا وەستاوە، بەڵام لە ئایندەیەكی نزیكدا دەستپێدەكاتەوە.
پڕۆژەكە بە هاوبەشی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كەرتی تایبەت جێبەجێ دەكرێت، حكوومەت بەرپرسیار دەبێت لە دابینكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی وەك شەقام، قوتابخانە و مزگەوت، لە كاتێكدا كەرتی تایبەت ئەركی دروستكردنی یەكەكان دەگرێتە ئەستۆ.
سەبارەت بە جۆری یەكەكان، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر ئاشكرایكرد، ئەو كەسانەی تازە هاوسەرگیرییان كردووە زیاتر خواستیان لەسەر شوقەیە، بەڵام خێزانە قەرەباڵغەكان خانوویان پێ باشترە.