نە ریفراندۆمەكەتان نە دانوستاندنتان ئۆقرەیی بە میللەت نادەن

هاودین مەحمود

06/02/2020

لە نوێترین چاوپێكەوتنی مەسرور بارزانی جێگری موكەرەری سەرۆكی (پ.د.ك) و سەرۆكی حكومەت لەگەڵ فرانس 24 رایدەگەیەنێت، ریفراندۆم تەنها بۆ ئەوە بوو بزانین ڕای هاووڵاتیان چییە، لەوەیش زیاتر دەڵێ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبوو.
هەروەها لەوەڵامی پرسیاری پێشكەشكارەكەی فرانس 24دا بڕوات بەوە هەیە سەربەخۆیی رابگەیەنن؟ مەسرور بارزانی دەڵێ "بڕوا بوون شتێكە، واقع شتێكی ترە، ئێستا سەربەخۆییمان ناوێت، پەیوەندییەكی بەهێزمان لەگەڵ بەغدا دەوێت".
هەروەها بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێمی كوردستان لەدوای ئەنجامە بەراییەكانی ریفراندۆم لە 26ی ئەیلول 2017 پەیامێكی بڵاوكردەوە، پەیوەست بەم باسە رایگەیاند: ئەم ریفراندۆمەی ئەنجامدراوە نە بۆ فەرزكردنی ئەمری واقعە و نە بۆ دیاریكردنی سنوورە، بەڵكو بۆ ئەوە بوو گەلی كوردستان بەشێوەیەكی دیموكراتی و ئاشتیانە ڕای خۆی لەبارەی چارەنووسی خۆی دەرببڕێت.
هەروەك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم دەڵێت: بۆ كورد سەلما كە ریفراندۆم هەڵە بوو، لەئێستاشدا سەربەخۆیی نایەتەدی.
نوێترین چاوپێكەوتنی لەگەڵ "وەرزنامەی خوێندنەوەی سیاسەتی دەرەوە"ی تاران كە ئاژانسی هەواڵی میهر ناوەڕۆكی بەشی یەكەمی بڵاوكردەوە، سەرۆكی هەرێم وای وتوە.
هەموو پرۆسەیەك ئامانج گەلێكی لەپشتە بەتایبەت ئەم پرسە گرنگ و چارەنوسسازە، گەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی نەبوو ئەم هەركە چی بوو كرا بەسەری ئەم میللەتە خێرلەخۆ نەدیوەدا؟.
ئێستایش لێرە و لەوێ گوێبیستی ئەوەین رۆژێك دێت ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ریفراندۆم وەك كارتێك بەكاردەهێنێ و زیندوی دەكاتەوە، كاشكا واشبێ با هەر ئەوساتە ریفراندۆمی سەربەخۆییمان بكردایە و ئەو هەموو نەهامەتییەمان بەسەردا نەهاتایە.
بەڵام نە ریفراندۆمەكەتان نە دانوستاندنتان لەگەڵ بەغدا، ئۆقرەیی بە میللەت نادەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group