نەوا-
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكی وەزیرانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەشتەمین كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و چەندین بڕیاری ستراتیژی لە بوارەكانی دژە گەندەڵی و نیشتەجێبون و وزە و چاكسازی دارایی دەركرد.
لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا، سەرۆكی وەزیرانی عێراق جەختیكردەوە كە هەڵمەتی دەستگیركردنی گەندەڵكاران تەنها قۆناغی یەكەمە و حكومەتەكەی بەردەوام دەبێت لە گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و قۆرخكردنی چەك لە دەستی یاسادا.
باس لەوەشكراوە، لە كەرتی خزمەتگوزاریدا، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی یەك ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبونی وەك دەستپێشخەرییەكی نیشتمانی پەسەند كرد، كە سەرجەم پارێزگاكان (جگە لە هەرێمی كوردستان) دەگرێتەوە و لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی دەكات.
هەروەها لە كەرتی وزەدا، ئاشكراكرا كە حكومەت كار دەكات بۆ بەرهەمهێنانی 25 هەزار مێگاوات كارەبای زیادە بۆ ساڵی داهاتو و گرێبەستی نوێی لەگەڵ كۆمپانیاكانی (هالیبێرتۆن و( HKN بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان واژۆ كردوە.
هەروەها، لە ڕوی چاكسازی داراییەوە، بڕیاردرا باجی داهات بە ڕێژەی 35% بەسەر كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكاندا بسەپێنرێت، هاوكات ئاسانكاری و لێخۆشبونی باج بۆ ئەو زانكۆ و پەیمانگا ئەهلییانە كرا كە لە ماوەی چوار مانگدا قەرزە كۆنەكانیان دەدەنەوە.
لە كۆتاییشدا، ئەنجومەنەكە بڕی 30 ملیار دیناری بۆ كڕینی دەرمان تەرخانكرد و بڕیاری تەواوكردنی پڕۆژەی دروستكردنی هەزار قوتابخانەی لە سەرتاسەری عێراقدا دا.