جیهان لە چاوەڕوانی پوچەڵكردنەوەی بۆمبی ئێكس دا

ئاسۆ مەحمود

16/02/2020

چەند ساڵێك لەمەوپێش رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لیستێكی لە نەخۆشی گواستراوەی كوشندە بڵاوكردەوە، كە گرنكە توێژینەوەی وردی لەسەربكرێت بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی جیهانی(Pandemic) و بە دەستهێنانی دژە كوتان و چارەسەر.
لەو لیستەدا هەریەكە لە دەردەكانی (Ebola, Swine flue, lassa, Nipah disease, Rift Valley fever) تێدابو، دواتر بڕیاردرا ناوێكی تر زیادبكەن بۆ لیستەكە بە ناوی نەخۆشی ئێكس(Disease -X) ، ئێكس نیشانەبو بۆ نەخۆشییەك، كە لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە و نازانرێت چییە.
نەخۆشی ئێكس هیچ نەبو، تەنها بڕوایەك بو كە لەداهاتودا مرۆڤایەتی دوچاری دەبێت.
ئەوە بۆ ماوەی دوو مانگ دەبێت كە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بە (Covid19)ناونراوە، بڵاوبۆتەوە. ڤایرۆسەكە هەتا ئەمڕۆ نزیك بە ۷٠ هەزار كەسی توشكردوە و لەو ژمارەیە نزیك بە هەزار و 670 كەسی كوشتوە.
ئەگەرچی تائێستا كۆڤید 19 تەنها (4) كەسی لە دەرەوەی چین كوشتوە و لە 25 وڵات بڵاوبۆتەوە و رێژەی مردن بەم نەخۆشییە دوو بۆ سێ لە سەد تێپەڕ نەبوە، بەڵام شارەزایانی ئەم بوارە تۆقیون لە چارەنوسی ڤایرۆسەكە بە تایبەت دوای ئەوەی لە كۆنگۆ و میسر ڤایرۆسەكە تۆماركراوە.
تا ئەمڕۆ كۆڤید 19 نە چارەسەری دۆزراوەتەوە نە دژە كوتان، بۆیە نەخۆشیەكە ناوی نەخۆشی ئێكسی وەرگرت.
پێشتریش رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ترسیان لە بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە لەو وڵاتانەیە، كە سیستەمی تەندروستییان لاوازە، چونكە لەو وڵاتانە كۆنترۆڵ ناكرێت و خێراتر دەردەكە بڵاودەبێتەوە.
قسەی كۆتایی ئەوەیە بەدەر لە دەستشكاندنەوەی سیاسی نێوان ئەمریكا و چین، بەڕاستی كۆرۆنا تۆقێنەرە و وەك بۆمبێك وایە ئەگەر لەوادەی خۆی پوچەڵ نەكرێتەوە و چارەسەر و دژەكوتانی نەدۆزرێتەوە، ئەوا بە زەویدا دەتەقێتەوە و مرۆڤایەتی تا لێواری مەرگ دەبات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group