سەروەریی خاك و شكۆمەندیی نەتەوە

شاڵاو دارا عەبدوڵڵا

15/08/2020

دیارە هەمووان باش ئەو راستییە دەزانین، كە ئەم زەوییەی مرۆڤایەتی لەسەری دەژی دابەش بووە بەسەر چەندین زمان و كلتووری جیاواز. ئەستەمە ئەم نەتەوانە بتوانن بەو جیاوازی كلتوور و زمانەوە بەیەكەوە بژین و هیچ كێشەیەك لەنێوانیاندا دروست نەبێت.
كەواتە وەك دەبینین ئەم زەوییە دابەش بووە لەنێوان نەتەوە جیاوازەكاندا بەپێی ئەو دابەشبوونەی گۆڕانكارییە سیاسی و ئابووری و جوگرافیەكان دروستیانكردوە، هەریەكە و بەپێی هەڵكەوتەو جوگرافیایی خۆی پەرژینێكی ئەمنی سیاسی دروستكردوە و ناوی لێنراوە دەوڵەت.
دیارە ئەو دەوڵەتانەش بۆ رێكخستنی ژیان و كاروباری خۆیان هەر لەكۆنەوە تائێستا چەندین رێككەوتنی نێودەوڵەتییان كردوە بۆئەوەی هیچ كاتێك نەكەونە دژایەتی و سنوربەزاندنی یەكتری.
دیارترین ئەو یاساو رێككەوتنە نێودەوڵەتیانە یاسای سەروەریی خاك و شكۆمەندییە (سیادە) بەپێی ئەم رێككەوتنە دەوڵەتان ناچاردەبن بەبێ هیچ هۆكارێك زاتی ئەوە نەكەن هێز و بازووی خۆیان بەسەر وڵاتانی خاوەن سیادە و سەروەری بەكاربهێنن. ئەنجام تووشی سزای نێودەوڵەتی دەبنەوە.
گومان لەوەشدانیە دروستكردنی ئەو سەروەری و شكۆمەندییە كەوتۆتەوە سەر ئیرادە و هێزی ئەو دەوڵەتە خۆی، واتە هەر دەوڵەتێك لە ڕووی ئابووری و سیاسی و بەڕێوەبردنەوە وڵاتێكی بەهێزبێت ئەوا قەوارەی سیاسی و سەروەریشی بەهێزدەبێت، پێچەوانەكەشی راستە. بەڵام هێشتا مانای وانیە هەركاتێك دەوڵەتێك تووشی تەنگەژەی سیاسی و ئابووری یان كێشەی نێوخۆیی بێت سەروەریی و شكۆی نەماوە! چونكە هێشتا لەژێر رێككەوتنی نێودەوڵەتیدایە سەبارەت بە یاسای خاك و سەروەری.
زۆركات بینیومانە یان بیستومانە وڵاتێك لە رێگای هێزەوە سەروەریی وڵاتێكی تری بەزاندووە ئینجا ئەمە لەڕێگەی ئاسمانیەوە بێت یان زەمینی دواتر روبەڕوی كاردانەوەی نێودەوڵەتی بۆتەوە، زۆرجاریش بە پێشكەشكردنی داوای لێبوردن یان قەرەبووكردنەوە سزادراوە.
ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم و بیكەمە پرسیار بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و عیراق ئەوەیە، ئایا سەروەریی عیراق و هەرێم ماوە؟ ئایا عیراق وڵاتێكی فیدڕاڵ و لەم لاشەوە هەرێمێك لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە فیدڕاڵە لەماوەی رابردو یان رونتر بڵێم لە دوای نەمانی رژێمی بەعسەوە دەبینین بە ئاشكراو بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە رۆژانە سەروەریی نەك پێشێل دەكرێت بەڵكو ئەمە دەچێتە چوارچێوەی داگیركاری كە وڵاتانی دراوسێ دەیكەن، لە بۆمبارانكردن و هێنانی هێزی سەربازی بەقوڵایی سەدان كیلۆمەتر بۆناو خاكی عیراق و هەرێمی كوردستان، بەڵام دەبینین هیچ كاردانەوەیەكی نێوخۆیی و دەرەكی نییە.
ئایا عیراق و هەرێم لەژێر بەندی یاسایی سەروەریی خاك هێنراوەتە دەرەوە؟ یان چیتر ئەو یاسا نێودەوڵەتییە كاری پێناكرێت! یان هەڵوێستی سیاسی و ناسیۆنالیستیی لاوازە؟
سوپا هۆكارێكە بۆ دروستكردنی سەروەری و شكۆمەندیی وڵات، بەڵام سوپایەكی نیشتمانیی یەكگرتو دوور لە ئینتیمایی حزبی، كە بەرگری بكات لە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی وڵات.
ئەوكاتە یەكەم هەنگاو بۆ بەهێزیی سەروەری خاك و شكۆمەندی جێگیردەبێت، بەڵام دەبینین لە عیراق و هەرێم هێشتا دوای چەندین ساڵ نەتوانراوە ئەو خەونە بهێنرێتەدی، كە هاونیشتمانیانی ئەم دەوڵەتە فیدڕاڵە واهەستبكەن لەژێر سایەی هێزێكی یەكگرتوی نیشتمانی سەروەرییان پارێزراوە.
ئێستاو ئا لەمكاتەدا كە سەروەریی عیراق و هەرێم پێشێل دەكرێت، كاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی هەردوولا دەتوانن لە چوارچێوەی رێكەوتنێك چاوێك بە شكۆ و سەروەریی وڵاتدا بخشێننەوە تا بتوانن رێگری بكەن لەو پەلامارو زیادەڕەویانەی وڵاتانی دراوسێ دەیكەن و بتوانن سنورێك بۆ دەستدرێژیەكانیان دابنرێت، ئارامی بگەڕێننەوە بۆ نیشتمان.
باشیش دەزانین لە عیراقدا لەنێوان ئەو هەموو پێكهاتەو نەتەوە جیاوازەدا رێككەوتنێكی ئاوا زۆر ئاسان نابێت، بەڵام هەردەبێت بەناچاری لەپێناو مانەوەی شكۆو سەروەریی خاك ئەم بژاردەیە بكەن، كە بەلای منەوە باشترین چارەسەرە، چونكە هەستی نیشتمانی زیاد دەبێت و هاووڵاتیان زیاتر متمانەیان بە دەوڵەت و بەڕێوەبەرانی وڵات دەبێت.
هیچ شتێك لەوە ناخۆشتر نییە كە ببینیت بە بەرچاوی خۆتە وڵاتێك بێت و خاك و ئاوت لێ داگیربكات، ئەمەی كە روودەدات تەنها لاوازی سیاسییە لەبەرامبەر سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.
بەبۆچونی من لە هەندێك كاتدا وڵاتێكی خاوەن سیستەمێكی دیكتاتۆری باشتربێت لە خاوەن سیستەمێكی دیموكراسی، چونكە هیچ نەبێت گرنگی بەسەروەریی خاكەكەیی و قەوارەی سیاسی خۆی دەدات. نمونەكەش ئاشكرایە عیراق خاوەنی فیدڕاڵی و كۆریایەكی باكور خاوەن دیكتاتۆرێكی زاڵم، بەڵام كامیان خاوەن سەروەریی خاكێكی بەهێز و شكۆمەندن؟.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group