عێراق پلانی هەییە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران بۆ 20 ملیار دۆلار بەرزبكاتەوە

57 خولەک پێش ئێستا عێراق
نەوا-
محەممەد حەنوون راوێژكاری وەزیری بازرگانیی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند، عێراق پێشوازی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە دەكات، بە شێوەیەك لەگەڵ بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بگونجێت و ئامانجەكانی گەشەپێدانی ئابووری بەدیبهێنێت.
سەبارەت بە بەرزكردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ 20 ملیار دۆلار، محەممەد حەنوون وتی، پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵات ئامانجێكی هاوبەشە، ئەوەش لە رێگەی چارەسەركردنی ئاستەنگەكان، ئاسانكاریی رێكارەكان و رەخساندنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ كەرتی تایبەت و بازرگانان بەدی دەهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، سیاسەتی بازرگانیی عێراق لەسەر بنەمای هاوسەنگی، هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی هاوردەكردن و پشتگیریكردنی بەرهەمی نێوخۆیی داڕێژراوە كە كار دەكرێت بۆ زیادكردنی هەناردەی عێراق و بەهێزكردنی ئامادەیی بەرهەمە نیشتمانییەكان لە بازاڕە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان.
لای خۆشیەوە، یەحیا ئال ئیسحاق سەرۆكی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق دەڵێت، گەیشتن بە قەبارەی 20 ملیار دۆلار لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تاران و بەغدا پێویستی بە لادانی ئاستەنگە نێوخۆیی و ئاڵنگارییە دەرەكییەكانە. ئاستی ئێستای ئاڵوگۆڕی بازرگانی هێشتا لە خوار ئاستی چاوەڕوانییەكانە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group