تڕەمپ و تڕەمپیزم!

کاروخ خۆشناو

10/01/2021
کارەکتەری (تڕەمپ) وەک سەرۆکی ژمارە (45)ی ئەمریکا قسە زۆر هەڵدەکرێت، لەگەڵ دەستبەکاربوونیشی لە (کۆشکی سپی) ڕەوتی سپی پێستی نەژاد پەرست (White Supremacist)  لەژێر سایەی چەتری (تڕەمپیزم)دا گەیشتە لوتکە، بە جۆڕێک ڕووداوەکانی چوارشەممەی ڕابردوو کڵپەی ئەم ڕەوتەی گەیاندە (ترۆپک) و خەریک بوو کۆنگرێسی ئەمریکاش بسوتێنێت، ئەم ڕووداوانەش هەموو جیهانی توشی شۆک کرد.

چاوەڕواندەکرێت ناوی (تڕەمپ) وەک یەکەم سەرۆکی تاکڕەوی ئەمریکا بچێتە ناو مێژوو، چونکە تڕەمپ توانی لە ڕێگای پڕۆسەی دیموکراسی ئەمریکاوە بگاتە ترۆپکی دەسەڵات و هەروەها توانی لە ڕێگای پڕاکتیزەکردنی مۆدێلێکی نا تەندروستی ناڕەزایی دەربڕین (لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان) ئەم سیستەمە بهەژێنێت، بەڵام هێرشکردنە سەر کۆنگرێس و بەزاندنی هێڵی سور، بوونە هۆی ڕاچڵەکاندنی داڕێژەرانی بڕیاری ئەمریکا، زۆربەیان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کەوا پێویستە لە ڕێگای یاساوە بە توندترین شێواز ڕووبەڕووی ئەم ڕەوتە تێکدەرە ببنەوە و سنورێک بۆ ئەم شەپولە دژە دیموکراسیە دابنێن، ئەمەش لە پێناو پارستن و پتەوترکردنی سیستەمی دیموکراسی ئەمریکا کە بە دایکی کۆی سیستەمە (دیموکراسیەکانی جیهان) دەشوبهێنرێت، بۆیە لە ئێستادا دیموکراتەکان و کۆماریەکان لەهەوڵدان تاکو پەرژینێکی (قایمتر لە جاران) بە دەوری دیموکراسیەتی ئەمریکادا بکێشن، تاکو هیچ کارەکتەرێکی هاوشێوەی تڕەمپ جورئەت نەکات جارێکی تر شکۆی سیستەمی دیموکراسی ئەمریکا لەکەدار بکات و نەیارانی ئەم سیستەمەش دڵخۆش بکات.

لەم چوارچێوەیەدا لەلایەک لە سەر ئاستی ناوخۆی پارتی کۆماری، هەوڵی جدی لە ئارادان تاکو پارتەکەیان لەژێر چەپۆکی تڕەمپ دەربهێنن، چونکە هەڵسوکەوتەکانی تڕەمپ هۆکاری سەرەکی بوون نەک تەنها بۆ لە دەستدانی کۆشکی سپی، بەڵکو بۆ دۆڕانی (پارتی کۆماری) لە هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس (پیران و نوێنەران)، ئەگەرچی هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵێک کارەکتەری دیاری  پارتی کۆماری نیگەران بوون لە هەوڵەکانی تڕەمپ بۆ قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی پارتی کۆماری، بەڵام ئەوکاتە سەرکەوتوو نەبوون لە سنودارکرنی تڕەمپ.

لەلایەکی تریش لە سەر ئاستی هەردوو  دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن هەوڵێک لە ئارادایە بۆ دوورخستنەوەی تڕەمپ لە کۆشکی سپی و کاراکردنی هەموواری (25)ی دەستوری ئەمریکا، بەڵام چونکە ئەم پڕۆسەیە کاتی دەوێت، لەوە ناچێت ئەم هەوڵانە بگەنە ئامانج، بۆیە تڕەمپ تا کۆتا ڕۆژەکانی خولەکەی واتە تاکو ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/20) وەک سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی دەمێنێتەوە، ئەمەش وا دەکات ووڵاتانی نەیاری ئەمریکا تاکو (10) ڕۆژی تر دەستیان لەسەر دڵیان بێت، نەوەک تڕەمپ گۆبەندێک بنێتەوە و گورزێک بوەشێنێت، بەمەبەستی تاڵکردنی مانگی هەنگوینی (بایدن) لە کۆشکی سپی، ئەم نیگەرانیەش لەوە سەرچاوەی گرتووە کەوا هەڵسوکەوتەکانی تڕەمپ پێشبینی نەکراون، بەتایبەت لە ئێستادا بەهۆی دۆڕانی لە هەڵبژاردنەکان (سایکۆلۆژیای تڕمپ) ناجێگیر و توڕە دەردەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەر وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا هەموو دەسەڵاتێکی هەیە و کۆدی چەکی ئەتۆمیشی لەبەردەستە، بۆیە نیگەرانیەکان لە زیادبووندان.

لەبەرامبەردا بەهۆی ترسی تڕەمپ لە لێپیچینەوەی یاسایی دوای بەجێهێشتنی کۆشکی سپی، چاوەڕان دەکرێت لە کۆتا ڕۆژەکانی سەرۆکایەتیدا فەرمانی لێ خۆش بوون بۆ خۆی و بنەماڵەکەی دەربکات تاکو پارێزراو بێت لە هەر هەوڵێکی دادگاییکردن لە دوای نەمانی لە کۆشکی سپی.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە (واشنتن) ڕوویدا لە مێژووی دیموکراسی ئەمریکادا بێ وێنە بووە، ئەمەش وایکرد (تڕەمپ) کۆی پڕۆسەی دیموکراسی لە ئەمریکا و جیهاندا بخاتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی سەخت و وێنەی ناشرینترین سەرۆکی ئەمریکا بۆ خۆی بکێشێت، بە جۆرێک ئەو هەوڵەی تڕەمپ وەک جۆرێک لە خۆکوژی سیاسی (Political Suicide) لەقەڵەم درا و بەم هۆیەشەوە دوا بزماری لە تابووتی ژیانی سیاسی خویدا، لەبەر ئەوەی ڕووداوە نەخوازراوەکانی کۆنگرێس بە هاندان و بانگهێشتی تڕەمپ ئەنجام دران، بۆیە چاوەڕووان دەکرێت دوای چەند ڕۆژێکی تر سەردەمی ژیانی سیاسی (تڕەمپ) بۆ هەتا هەتایە کۆتایی پێ بێت، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت ڕەوتی (تڕەمپیزم) بەم نزیکانە بە کۆتا بێت!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group