باشووری كوردستان ناوچەیەكی بومەلەرزەیییە

لوقمان حەوێز

1 کاتژمێر پێش ئێستا

باشووری كوردستان ناوچەیەكی بومەلەرزەیییە، چی بكرێت باشە؟

* تێبینی: ئەم نووسینە بۆ دروستكردنی دڵەڕاوكێ و ترس نییە، بەڵكو تەنیا بۆ بەخشینی زانیاریی زانستی و هۆشیاركردنەوە و ئامادەكاریی دورمەودایە.
* هەروەكو لە نەخشەكەدا دەبینرێت، هێڵی بەیەكگەیشتن و دابڕانی پلێتی تەكتۆنی عەرەبی و پلێتی ئۆراسی (شەقبوونی ناوچەی زاگرۆس) بە ناو جەرگەی كوردستانی گەورەدا تێدەپەڕێت بەتایبەتی نزیك سنوری باشوور لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باكور ، بەداخەوە بەم هۆیەوە كوردستانی باشووریش هاوشێوەی كوردستانی باكوور، ڕۆژهەڵات و بەشێك لە ڕۆژئاوا هەروەكو گەلێك ناوچەی تری جیهان كەوتووەتە سەر ناوچەیەكی چالاكی بومەلەرزەیی (زیلزالی)، هێڵە ڕەشەكەی سەر نەخشەكە دیاریكەری هێڵی بەیەكگەیشتنی ئەو پلێتە تەكتۆنییانەیە لە ژێر زەویدا، و زانیارییەكانی ئەم نەخشەیەش پشتیان بە داتاكانی دامەزراوەی ڕووپێویی جیۆلۆجیی ئەمەریكی USGS بەستووە كە سەرچاوەیەكی بڕواپێكراوی جیهانییە.
ئەمە مانای ئەوە نییە كە بەم زووانە بە شێوەیەكی مسۆگەر بومەلەرزەیەكی بەهێز ڕوودەدات، بەڵام ئەگەری ڕوودانی لەوانەیە چەندین ساڵ یان دەیەی تر سەدا سەد لە ئارادایە. بەتایبەتیش لە دیوی باكوور و خۆرهەڵاتی هێڵی بەیەكگەیشتنەكەوە مەترسییەكە بەهێزترە، لەبەر ئەوە پێویستیمان بە ئامادەكاریی بنەڕەتی هەیە، بەتایبەتی لە بواری ئەندازیاریی بیناسازی و بەهێزكردنی ڕێنماییەكانی دروستكردنی باڵەخانەكان، لەگەڵ پێشخستنی تیمەكانی فریاگوزاری لە ڕووی ئامێر، تەكنەلۆژیا و كادێری ڕاهێنراوەوە.
* دیوار و باڵەخانەكان چۆن دروست بكرێن باشە؟
كەڵەكەكردنی بلۆكی كۆنكریتی قورس لەسەر یەكتر تا بەرزیی سێ مەتر و زیاتر مەبەستم دیواری خانووەكانی لای خۆمانە بێ ڕەچاوكردنی هێزەكانی بڕین Shear.Force كە لە كاتی بومەلەرزەدا بە شێوەیەكی ئاسۆیی كار لە باڵەخانەكان دەكات هەڵەیەكی گەورەی ئەندازیارییە، بۆ نموونە لە وڵاتێكی وەك ئەمەریكادا تەنانەت دروستكردنی پەرژینی حەوشەش بەو شێوازە قەدەغەیە، لێرەدا دەبێت شیشی ئاسن بە شێوەی ستوونی لە بناغەی دیوارەكەوە تا سەرەوە لە ناو كەلێنەكانی بلۆكدا جێگیر بكرێت و بە چیمەنتۆ پڕبكرێتەوە، تا لە كاتی سەرهەڵدانی هێزی بڕیندا دیوارەكە ڕاستەوخۆ دانەڕمێت.
* لە كاتی ڕوودانی بومەلەرزەدا چی ڕوودەدات؟
لەگەڵ ڕوودانی بومەلەرزەدا زەوی بە خێرایی و بە شێوەیەكی شەپۆلی ئاسۆیی دەلەرزێت و بناغەی باڵەخانەكە دەجووڵێنێت. بەپێی یاسای یەكەمی نیوتن (یاسای Inertia)، بەشەكانی ناوەڕاست و سەرەوەی باڵەخانەكە دەیانەوێت لە باری وەستانی خۆیاندا بمێنێنەوە، لە كاتێكدا بنكە و بناغەی خانوو و باڵەخانەكە بە ئەملاو و ئەولادا دەجوڵێتەوە، ئەم جیاوازییە لە جووڵەدا هێزی بڕین Shear.Force لەنێوان نهۆمەكان و دیوارەكاندا دروست دەكات، ئەگەر دیوار و ڕاگرەكان بەرگریی پێویستیان تێدا نەبێت، ڕاستەوخۆ درز دەبەن و دادەڕمێن.
* ڕێكارە پێشنیاركراوەكان بۆ بیناسازی:
پەیكەری سەرەكی: بەكارهێنانی سستمی پەیكەری ئاسن Steel.Structure یان كۆنكریتی چڕكراو بە شیشی قورس.
دیوارە ناوەكییەكان: بەكارهێنانی دیواری هاوچەرخی سووك (كەم كێش) بۆ ئەوەی باری سەر پەیكەرەكە كەم بێتەوە.
سڵاپی نهۆمەكان: بەكارهێنانی سڵاپی تەنك لەگەڵ تۆڕی ئاسنی BRC و چێنكۆ Metal.Decking، یان سیستمی پیشەسازیی پێشكەوتوو تا كێشی كۆی گشتیی باڵەخانەكە داببەزێت.
* باڵەخانە بەرزەكان: ڕەچاوكردنی وردی هێزی بڕین Shear.Force و هێزی پێچخواردن Torque/Torsion لە پایە و دیواری بڕەردا Shear.Walls، تاوەكو باڵەخانەكە توانای نەرمی Ductility و هەڵمژینی وزەی بومەلەرزەی هەبێت.

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group