وه‌رگێڕانی: محه‌مه‌د ره‌حمان
بۆ یه‌كه‌مجار له‌نێو په‌شێوی شه‌ڕی ناوخۆی وڵاته‌كه‌مان جیهان ناوی ئێمه‌ی بیست، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده). من وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی باڵا له ڕیزه‌كانیدا خزمه‌ت ده‌كه‌م. هه‌سه‌ده ٧٠٠٠٠ شه‌ڕڤانی هه‌یه كه له‌وه‌ته‌ی ساڵی ٢٠١٥ وه دژی جیهادیه توندڕه‌وه‌كان و نه‌یارانی ڕه‌گه‌زی و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان جه‌نگاوه. هه‌سه‌ده بووه‌ته هێزێكی خه‌باتكاری ڕێكخراو و پڕۆفیشناڵ. هه‌رگیز تاكه فیشه‌كێكیان به ئاراسته‌ی توركیا نه‌ته‌قاندووه. سه‌رباز و ئه‌فسه‌ره ئه‌مریكیه‌كان ئێستا به‌باشی ده‌مانناسن و ستایشی چالاكی و لێهاتووییمان ده‌كه‌ن. هه‌میشه به هێزهكانمانم ووتوه ئه‌و جه‌نگه هی ئێمه‌یه! تیرۆریسته جیهادیه‌كانی داعش له سه‌رانسه‌ری جیھانه‌وه بۆ سووریا هاتبوون. ئێمه ئه‌و كه‌سانه‌ین كه ده‌بێت شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، چونكه ئه‌وان خاكهكهمانیان داگیركردووه، گووندهكانمانیان تاڵانكردووه، منداڵه‌كانمانیان كووشتووه و ژنهكانمانیان كردووه‌ته كۆیله. بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌مان له‌و مه‌ترسیه گه‌وره ڕزگار بكه‌ین، ١١٠٠٠ سه‌ربازمان له‌ده‌ستدا كه هه‌ندێكیان له ئازاترین سه‌رباز و فه‌رمانده‌كان بوون. هه‌میشه به هێزهكانمانم ووتوه كه ئه‌مریكا و هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه هاوبه‌شی ئێمه‌ن، بۆیه پێویسته هه‌موو كاتێك گه‌ره‌نتی ئه‌وه بكه‌ین كه زیانیان پێنه‌گات. له‌نێو پاشاگه‌ردانی جه‌نگدا، هه‌میشه، به‌پێچه‌وانه‌ی نوێنه‌ره ناحكومیه‌كانه‌وه پابه‌ندی ئه‌ته‌كێت و ڕهوشتهكانمانهوه بووین. ڕێكخراوی (القاعده)مان تێك‌شكاند و داعشمان بنبڕكرد، له‌هه‌مان كاتدا سیسته‌مێكی به‌ڕێوه‌بردنی گونجاومان له‌سه‌ر بنه‌مای حكومه‌تی بچووك و فره‌ڕه‌نگی و جیاوازی بنیاتنا. له‌ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته خۆجێیه‌كانه‌وه خزمه‌تگوزاریمان بۆ هاوڵاتیانی كورد و عه‌ره‌ب و سریانی و كریستیانه‌كان دابینكرد و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌مان كرد كه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی سووریای فره‌ڕه‌نگ هه‌موو پێكهاته‌كان بگرێته‌وه. تێڕوانینی ئێمه بۆ داهاتووی سیاسی سووریا بریتییه له لامه‌ركه‌زی فیدراڵی به ئازادی ئاینی و ڕێزگرتن له جیاوازیه هاوبه‌شه‌كانه. ئه‌و هێزانه‌ی كه فه‌رمانده‌ییان ده‌كه‌م له ئێستادا ته‌رخانكراون بۆ پاراستنی یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی سووریا دژ به ده‌ستدرێژیێك له‌لایه‌ن توركیا و به‌كرێگیراوه جیهادیه‌كانی. ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه به‌رگری لێده‌كه‌ین له‌ماوه‌ی دوو سه‌ده‌ی ڕابردوودا په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بووه بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه ڕزگاریان بوو له جینۆساید و پاكتاوی نه‌ژادی كه له‌لایه‌ن توركیاوه له‌دژی كورد و سریانی و ئاشووری و ئه‌رمه‌نیه‌كان ئه‌نجام دراوه. ئێمه پارێزگای له زیاتر له ١٢٠٠٠ تیرۆریستی زیندانی داعش ده‌كه‌ین و خێزان و منداڵه توندڕه‌و پهروهردهكراوهكانیان له‌خۆ ده‌گرین. هه‌روه‌ها ئه‌و پارچه‌ی سووریاش له میلیشیا ئێرانیه‌كان ده‌پارێزین. كاتێك هه‌موو جیهان پشتی تێكردین، ئه‌مریكا ده‌ستی هاوكاری درێژ كرد. له‌سه‌ر داوای ئه‌مریكا ڕه‌زامه‌ندیمان ده‌ربڕی چه‌كه قوڕسهكانمان له ناوچه‌ی سنووریی له‌گه‌ڵ توركیا بكێشینه‌وه, پێگه‌كانی به‌رگریمان چۆڵ بكه‌ین و پاشه‌كشه به ئه‌زمووندارترین چه‌كداره‌كانمان بكه‌ین. تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی بووایه له‌گه‌ڵمان، توركیا هێرشی نه‌ده‌كرده سه‌رمان. ئێستا وه‌ستاوین و سینگمان به‌ڕووی هێرشی توركیا واڵا كردوه. سه‌رۆك دۆناڵد تڕه‌مپ له زووه‌وه به‌ڵێنی كشانه‌وه‌ی یه‌كه سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكای دابوو. ئێمه له‌وه تێده‌گه‌ین و هاوسۆزی ده‌رده‌بڕین. باوكان ده‌یانه‌وێت منداڵه‌كانیان ببینن له‌سه‌ر كۆچیان پێده‌كه‌نن، خۆشه‌ویستان ده‌یانه‌وێت گوێیان له ده‌نگی چرپه‌ی هاوژینه‌كانیان بێت، هه‌مووان ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كانیان. هه‌رچۆنێك بێت ئێمه داوا له سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان ناكه‌ین كه له گۆڕه‌پانی جه‌نگدا له‌گه‌ڵمان بن. ئێمه ئه‌وه ده‌زانین كه ئه‌مریكا پارێزه‌ری جیهان نییه. به‌ڵام ده‌مانه‌وێ كه ئه‌مریكا ڕۆڵی گرنگی خۆی بگێڕێت له هێنانه‌دی چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ سووریا چونكه ئێمه دڵنیاین كه ئه‌مریكا توانای ته‌واوی هه‌یه له نێوه‌ندگیری له‌نێوان خۆی و توركیا بۆ هێنانه‌دی ئاشتیێكی هه‌میشه‌یی. ئێمه وه‌ك چه‌مكێكی بنه‌ڕه‌ت باوه‌ڕمان به دیموكراسی هه‌یه، به‌ڵام له‌ژێر ڕۆشنایی هێرشه‌كه‌ی توركیا و ئه‌و هه‌ڕه‌شه وجوودیه‌ی كه به‌هۆیه‌وه ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكه‌كه‌مان بووه‌ته‌وه، له‌وانه‌یه وا پێویست بكات به هاوپه‌یمانه‌كانماندا بچینه‌وه. ڕژێمی سووریا و ڕووسیا چه‌ند پێشنیارێكیان كردووه كه بۆی ھه‌یه ژیانی ملیۆنان كه‌س ڕزگار بكات كه له ئێستادا له‌ژێر پارێزگاریدا ده‌ژین. متمانه به به‌ڵێنه‌كان ناكه‌ین، ڕاستیت بوێت، قوڕسه كه بزانی ده‌بێت متمانه به كێ بكه‌یت. ڕوونه كه هه‌ڕه‌شه‌ی داعش هێشتا له ئارادایه به‌شێوه‌ی تۆڕێكی شانه‌ی نوستوو كه توانای یاخیبوونی هه‌یه. ژماره‌ی زۆری به‌ندكراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له به‌ندیخانه‌ی نه‌گونجاو وه‌ك بۆمبی كات بۆ دانراو وایه كه له‌وانه‌یه له هه‌ركاتێكدا بێت بته‌قێته‌وه. ئێمه ده‌زانین كه پێوویسته سازشێكی ئازار به‌خش بۆ مۆسكۆ و به‌شار ئه‌سه‌د بكه‌ین ئه‌گه‌ر كاریان له‌گه‌ڵ بكه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویست بێ له نێوان سازشكردن و جینۆسایدی خه‌ڵكه‌كه‌مان یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرین ، به دڵنیایه‌وه ژیان بۆ خه‌ڵكه‌كه‌مان هه‌ڵده‌بژێرین. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌بێ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكی سیاسی، یان داهاتووێكی ئارام و جێگیر بڕوات، ئه‌وا سوریا له‌به‌رده‌م دوو هه‌ڵبژارده‌دایه: ڕێباز خوازێكی ئایینی یاخود شه‌ڕێكی خوێناوی ڕه‌گه‌زی ــــ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هێز و توانای خۆی به‌كاربھێنێت بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێك پێش ئه‌وه‌ی بكشێته‌وه. باوه‌ڕی قووڵ به دیموكراسی هۆكاری به‌ستنی هاوپه‌یمانیمان بوو له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا. ئێمه به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ئێستا نا‌ئومێد ڕووی تێكردووین. خه‌ڵكه‌كه‌مان له‌ژێر په‌لاماردایه و سه‌لامه‌تی ئه‌وان گه‌وره‌ترین نیگه‌رانیمانه. لێره‌دا دوو پرسیار ده‌مێنێته‌وه: چۆن ده‌توانین به‌باشترین شێوه خه‌ڵكه‌كه‌مان بپارێزین؟ ئایا ئه‌مریكا هێشتا هاوپه‌یمانمانه؟