پەرلەمانتارێكی كورد: سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران دیاردەیەكی ئاسایی نییە

12/06/2019 عێراق
رێبوار تەها ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

نەوا

ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، 45 حاڵەتی سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران تۆماركراون، كە سوتاندنەكانیان دەستی لە پشتەوەیە و پێویستە لێكۆڵینەوەی جدی بكرێت.
رێبوار تەها ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندوە"دیاردەی سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران دیاردەیەكی سروشتی و ئاسایی نیە، 45 حاڵەت تۆماركراون كە بە دەست سوتێنراون."
وتیشی"ئێمە بەدواداچوونمان كردووە و گەیشتووینەتە ئەنجام، كە هەندێك لەو دەغڵ و دانانە دەست لەپشت سوتاندنیانەوە هەیە."
سەبارەت بەو دەستانەی لەپشت سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیارانەوەن، پەرلەمانتارەكەی عێراق وتی"رەنگە داعش بێت، رەنگە دەستی تری نادیار بێت بۆ نانەوەی پشێوی و ناكۆكی لەنێوان پێكهاتەكاندا."
وتیشی"سوتاندنی دەغڵ و دانی ئەمساڵ كە لەمێژوودا وێنەی كەمە، كارەساتە و ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە، نابێت حكومەتی عێراق ئەمە بە ئاسایی وەربگرێت، بەڵكو دەبێت لێپێچینەوە بكرێت."
رێبوار تەها، ئاماژەی بەوەشكرد "داوایانكردووە پەرلەمان گفتووگۆ لەسەر مەسەلەی سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران بكات، پاشان بریار بدات لەسەر قەرەبووكردنەوەی جوتیاران و لێكۆڵینەوەی جدی لە ‌مەسەلەكە."
وتەكانی ئەو پەرلەمانتارە كوردە دوای ئەوە دێت كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سوتانی دەغڵ و دانی جوتیارانی بە رووداوێكی سروشتی و ئاسایی ناوبردبوو.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group