ئەبو مەهدی موهەندیس: فڕۆكەی ئیسرائیلی هێرشی سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبیان ئەنجامداوە

21/08/2019 عێراق

نەوا
سەركردەیەكی باڵای حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، زانیاریای تەواویان لەبەردەستە فڕۆكەی ئیسرائیلی بارەگاكانی حەشدی شەعبی كردۆتە ئامانج، لەوچوارچێوەیەشدا وەك كاردانەوەیەك حكومەتی عێراقیان ئاگاداركردۆتەوە لەمەودوا، هەر فڕۆكەیەكی بیانی بەبێ ئاگاداری حكومەتی عێراق بەسەر بارەگاكانی حەشدی شەعبیدا بفڕێت لێیدەدەن.
لەراگەیەندراوێكدا ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ئاشكرایدەكات، زانیاری وردیان هەیە ئەمساڵ ئەمریكا چوار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلی لەڕێگەی ئازەربایجانەوە هێناوەو لەچوارچێوەی كەشتیگەلی ئەمریكی كار لەسەر بەكارهێنانی فڕۆكەكان دەكەن كە بارەگا سەربازییەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەكەنە ئامانج.
ئەو بەرپرسە باڵایەی حەشد ئاماژە بەوەشدەكات، ئەوان زانیاریان لەبارەی هەموو جۆرەكانی فڕۆكەكانی ئەمریكا هەیە، لەوانەش كەی هەڵساون و كەی نیشتوونەتەوەو تەنانەت چەند كاتژمێریش بە ئاسمانی عێراقدا فڕیوون.
ئەبو مەهدی موهەندیس دەشڵێت "حكومەتمان ئاگادار كردووەتەوە كە هەر فڕۆكەیەكی بیانی بەبێ ئاگاداری حكومەتی عێراق بەسەر بارەگاكانماندا بفڕێت، لێیدەدەین".
ئەبو مەهدی موهەندیس راشیگەیاندووە "دوژمنانی عێراق جارێكیتر بەشێوازی جیا پلان بۆ بەئامانجكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی دادەڕێژن، ئەمریكا كە هاوكاربووە لەهێنانی گرووپە چەكدارەكان بۆ عێراق و ناوچەكە بەداننانی خودی ترەمپ بیر لەشێوازی جۆراوجۆر دەكاتەوە بۆ پێشێلكردنی سەروەری عێراق و بە ئامانجگرتنی حەشدی شەعبی".
ئەو راگەێندراوەی ئەوبو مەهدی موهەندیس لەكاتێكدایە، شەوی سێ شەممە كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبی، لە بنكەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین تەقینەوە، هەروەها هەفتەی رابردووش ئاگرێكی گەورە لە كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی سەر بە حەشدی شەعبی لە بەغدا كەوتەوەو بەهۆیەوە كەسێك كوژراو 29ی دیكەش برینداربوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group