هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عیراق 7 كۆبوونەوە ئەنجامدەدات

19/09/2019 عێراق

نەوا
پەرلەمانتارێكی عیراقی ئاماژە بەوەدەكات هەفتەی داهاتوو، ئەنجومەنی نوێنەران بەنیازە 7 كۆبوونەوە ئەنجام بدات.
لەوبارەیەوە جاسم موحان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە رەوتی حیكمە رایگەیاند "بەهۆی نزیكبوونەوەی مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن، كەدەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی بۆ هاتوچۆی پەرلەمانتارانی باشووری عیراق، هەفتەی داهاتوو پەرلەمان 7 كۆبوونەوەی لەسەر یەك ئەنجامدەدات".
وتیشی: "لەو كۆبوونەوانەدا یەكێك لەو یاسایانە یەكلادەكرێتەوە كە چەندین ساڵە لەنێوان فراكسیۆنە سیاسیەكان ناكۆكی لەسەرە، بەبێ‌ ئەوەی ئاماژە بەیاساكە بدات".
پەرلەمانتارەكەی رەوتی حیكمە راشیگەیاند "هەموو فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رێككەوتوون لەسەر ئەوەی لەم وەرزەی نوێنەراندا هەریەكە لە یاساكانی نەوت و گاز و دادگای فیدراڵی و یاسای كۆتایی هێنان بەبوونی هێزە بیانییەكان لە عیراق یەكلابكرێنەوە". وتیشی "میوانداریكردنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ زانینی ئاستی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت یەكێكیتر دەبێت لەو پرسانەی كە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئامادەكاری بۆ دەكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group