ترامپ: بیرۆكەی ئەنجامدانی هێرشەكەی توركیا خراپە

09/10/2019 جیهان

نەوا
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بە روونی بە توركیایان وتووە بیرۆكەی ئەنجامدانی هێرشەكەیان بۆ سەر باكوری سوریا خراپە و ئەوان پاڵپشتی ئەو هێرشە ناكەن.
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدوای دەستپێكردنی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا رایگەیاند، " توركیا كە ئەندامی ناتۆیە سووریای داگیركرد، توركیا پەیمانی داوە پارێزگاری لە خەڵكی سڤیل و كەمایەتییە ئاینییەكان لەنێویاندا كریستیانەكان بكات و بەوەش هیچ قەیرانێكی مرۆیی روونادات". 
دەشڵێت، "هیچ سەربازێكی ئەمریكی لەو ناوچانە نەماون، لەو رۆژەوەی چوومە نێو بواری سیاسییەوە، بە روونی وتم كە نامەوێت درێژە بەم شەڕە بێكۆتا و بێمانایانە بدەم، بەتایبەتی ئەوانەی هیچ سوودێك بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناگەیێنن. هەر شتێكیش رووبدات دەیخەینە ئەستۆی ئەوان". 
 سەبارەت بە چەكدارانی داعش لە ناوچەكە، دۆناڵد ترامپ رونیكردەوە، "توركیا بەرپرسیارە لەوەی دڵنیایی بدات لەوەی هەموو چەكدارانی داعش كە زیندانی كراون لە زیندانییەكان بمێننەوە و داعش بە هیچ شێوەیەك سەرهەڵنەداتەوە".
 ترەمپ ئەوەشی وتووە، "لە نزیكەوە سەیری دۆخی سووریا دەكەین، پێشبینیش دەكەین توركیا پابەندی هەموو پەیمانەكانی بێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group