لە رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە 350 كەس بە كۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە

02/04/2020 جیهان

نەوا
لە ماوەی رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، 15 كەس لە رۆژهەڵاتی‌ كوردستان بە ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و كۆی‌ ژمارەی‌ گیان لەدەستدان گەیشتە 359 كەس.
لەوبارەیەوە رێكخراوی‌ هەنگاو بۆ مافەكانی‌ مرۆڤ بڵاویكردەوە، بە پشتبەستن بە ئامارە تۆماركراوەكانیان، لە ماوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە لە ئێراندا لانیكەم 359 هاوڵاتی كورد بە هۆی تووشبوون بە پەتای كۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە، كە 112 كەسیان ژن و 247 كەسیان پیاو بوون.
رێكخراوەكە راشیگەیاندوە، بە هۆی نەبوونی سیستەمێكی راگەیاندنی فەرمی و جێگای متمانە، رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە ئەركی زانیوە بە وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوەی جێگای متمانە لەمەوبەدوا ژمارەی قوربانیانی توشبوو بە پەتای كۆرۆنا لە كوردستان بە شێوەی رۆژانە بڵاوبكاتەوە.
لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی تەندروستیی ئێران داتایەكی نوێی لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لەنێوان رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە دوو هەزار و 875 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون و توشبوان لە وڵاتەكەدا گەیشتوەتە 50 هەزار و 468 كەس، گیانلەدەستدانیش بەهۆی مردنی 124 كەسەوە، بەرزبۆتەوە بۆ سێ هەزار و 160 كەس. هەروەك تائێستا 16 هەزار و 711 توشبو چاكبونەتەوە.
لەلایەكی دیكەشەوە بە گوێرەی داتاكانی ماڵپەڕی worldometers.info، تائێستا لە سەرتاسەری جیهاندا، زیاتر لە 200 هەزار توشبو بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (كۆڤید 19) چاكبونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group