به‌رپرسێكى لوبنان: ته‌نها هاوكارییه‌كانى عیراق جێى رێزن و ئه‌وانى تر شتى ناپێویستن

06/08/2020 جیهان

نه‌وا
به‌رپرسێكى لوبنانى سوپاسى گه‌ل و حكومه‌تى عیراق ده‌كات بۆ هاوكارییه‌كانیان له‌پاش ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یروت و ده‌شڵێت "ته‌نها هاوكارییه‌كانى عیراق جێى رێزن و ئه‌وانى تر شتى ناپێویستن".
ویئام وه‌هاب وه‌زیری پێشوی ژینگه‌ی لوبنان و سه‌رۆكی حزبی "التوحد العربی" له‌ هه‌ژماری خۆى له‌ تویته‌ر نوسیویه‌تی "حكومه‌تى مسته‌فا كازمى شایسته‌ى رێزه‌ بۆئه‌وه‌ى پێشكه‌شى كرد دواى كاره‌ساته‌كه‌ى لوبنان، سڵاو و رێز بۆ عیراق به‌ گه‌ل و حكومه‌ته‌كه‌یه‌وه‌".
رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، هاوكاریه‌كانى دیكه‌ی وڵاتان له‌ئاست قه‌باره‌ى كاره‌ساته‌كه‌دا نین، به‌ڵام ژیان قه‌رز و قه‌رزدانه‌وه‌یه‌، ده‌شڵێت "ئه‌و هاوكاریانه‌ى تر، كه‌ گه‌یشتون جێى نیگه‌رانین و پێویستمان پێیان نییه‌ و ده‌رزى و برینپێچى زۆرمان هه‌یه‌، شوره‌ییه‌ و داڕزێن".
وه‌زیری پێشوی ژینگه‌ی لوبنان له‌ تویتێكى تردا نوسیویه‌تى، له‌ دواى تاریكى روناكى دێت، سوپاسى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق ده‌كه‌ین، كه‌ بڕیاری داوه‌ مانگانه‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى خاو له‌ خاكى سوریاوه‌ بنێرن بۆ لوبنان وه‌ك هاوكارى، هیواخوازین برا عه‌ره‌به‌كان واز له‌ رق و كینه‌یان بهێنن له‌م بارودۆخه‌ و ده‌ستپێشخه‌رى بكه‌ن.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هاوكارییه‌ى كازمى به‌ڵێنى داوه‌، دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌نده‌ری به‌یروت، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیری نه‌وتی عیراق به‌سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی فریاگوزاریی گه‌یشته‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان و 20 تۆن له‌ هاریكارى پزیشكى گه‌یانده‌ ئه‌و وڵاته‌، هه‌روه‌ها كازمیش به‌ڵێنی به‌ به‌رپرسانی لوبنانی داوه‌ به‌دابینكردنی سوته‌مه‌نی و مانه‌وه‌ی كادره‌ پزیشكییه‌كانی عیراق له‌و وڵاته‌ تا ئه‌وكاته‌ی پێویست بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group