حەلبوسی و كازمی: پێویستە نێردە دیپلۆماسیەكان بپارێزرێن

25/09/2020 عێراق

نەوا
سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و  سەرۆك وەزیران لە كۆبونەوەیەكەدا جەخت لە  پاراستنی سەقامگیری، سەروەری دامەزراوەكان، پاراستنی نێردە دیبلۆماسیەكان و سەپاندنی یاسا دەكەنەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بڵاویكردەوە، محەمەد حەلبوسی پێشوازی كرد لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، لەدیدارێكدا تاوتوێی دوا پێشهات و ئەو بەربەستانە كرا كە ڕوبەڕوی وڵات بونەتەوە، لەگەڵ رێگەكانی تێپەڕاندنی قەیرانەكان.
باسی لەوەشكردووە، لەدیدارەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر "پاراستنی سەقامگیری و سەروەری دامەزراوەكانی و پاراستنی نێردە دیبلۆماسیەكان و دەستگیركردنی دەستدرێژیكاران و سەپاندنی یاسا".
ئەوەش خراوەتەڕو، ئەو دیدارەی نێوان سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران بەردەوامی تەواوكاری كاری دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاسادانانە و هەماهەنگی رۆڵی یاسادانان و چاودێریی پەرلەمانە، لەگەڵ پشتیوانی لە هەوڵەكانی حكومەت بۆ ریشەكێش كردنی گەندەڵی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group