لە عیراق.. 15 ملیۆن دەنگدەر خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتریدا تۆماركردوە

29/09/2020 عێراق

نەوا
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق ئاشكرای دەكات، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی تائێستا خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتریدا تۆماركردوە، گەیشتوەتە سەرو 15 ملیۆن كەس.
نوسینگەی راگەیاندنی كۆمیسیۆنەكە لە راگەیەندراوێكدا جەختیكردوەتەوە، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان پشت بە بنەمای شەفافیەت دەبەستێت لە كاركردن بۆ رێكخستن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو، كە گوزارشت لە ئیرادەی دەنگدەر بكات.
هەروەها رایگەیاندوە "كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەوڵەكانی چڕكرووەتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو، هەرچەندە پێداویستیی هونەری و لۆجیستی بۆ دابین نەكراوە، لەوبارەیەشەوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەكی بۆ خەرج بكرێت هەنگاوی جدی ناوە كە پشتی بە یاسای هەڵبژاردنەكان نەبەستوە، لەوانە كردنەوەی ناوەندەكانی تۆماركردن بە ئامانجی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی تۆماركردنی ناوی دەنگدەران لە سیستەمی بایۆمەتری و دابەشكردنی كارتی دەنگدانی بایۆمەتری".
بەپێی راگەیەندراوەكە، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی تا ئێستا خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتریدا تۆماركردووە لە كۆی 26 ملیۆن و 642 هەزار و 85 دەنگدەر، گەیشتوەتە 15 ملیۆن 205 هەزار و 648 دەنگدەر، جگە لەوەیش لە كۆی 14 ملیۆن و 446 هەزار و 14 كارتی دەنگدانی بایۆمەتری كە چاپكراون، تا ئێستا 10 ملیۆن و 979 هەزار و 77 كارتی دەنگدانی بایۆمەتری دابەشكراوە.
سەبارەت بە تۆماركردنی ناوی پارتەكانیش، لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە لە كۆی 292 پارت تەنها مۆڵەتی تۆماركردن بە 230یان دراوە و 62كەی دیكەیش ناویان تۆماردەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group