بلاسخارت: بڕیاری داخستنی كەمپەكان لە عیراق و هەرێم بە هەماهەنگی ئێمە نەبووە

30/10/2020 عێراق
نەوا
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەبارەی بڕیاری حكومەتی عیراق بۆ داخستنی كامپی ئاوارەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: بڕیارەكە بەهەماهەنگی ئەوان نەبووە و وتیشی، یارمەتی ئەو خێزانانە دەكەن كە دەچنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.
جێنین هینس بلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند:"حكومەتی عیراق بڕیاریداوە بە داخستنی زۆرێك لە كامپی ئاوارەكان تا كۆتایی ئەمساڵ و لە چەند رۆژی رابردوشدا هەنگاوەكان دەستیان پێكردوە و چەند كامپێك داخراون و هەندێكیشیان تێكەڵ كراون، حكومەتیش ئاماژەی بەوە داوە كە بەنیازە كامپی زیاتر دابخات".
وتیشی، ئەو بڕیارانە بە شێوەیەكی سەربەخۆیانە دراون و هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان نەكراوە چونكە ئەوان بەشداری گفتوگۆكانی حكومەت ناكەن لەبارەی كامپەكانەوە، بۆیە بەرپرسیارێتی سەرەكی لەبارەی چارەنوس و پاراستنی ئاوارەكان دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عیراق.
بلاسخارت جەختیشیكردۆتەوە لەوەی كە نەتەوە یەكرگرتوەكان پشتگیری گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەكان دەكەن بۆ ناوچەكانی خۆیان بۆئەوەی لە ژیانێكی سەقامگیردا بژین و دەشڵێت:" بەردەوامن لە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق لەبارەی هاوكارییە مرۆییەكان و یارمەتی ئەو خێزانانە دەكەن كە دەچنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان."
راشیگەیاندووە، "نەتەوە یەكگرتووەكان لە نزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكات و لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ دۆخی ئاوارەكان .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group