كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بارەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە رونكردنەوە دەدات

15/01/2021 عێراق

نەوا
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رەتیدەكاتەوە داوای دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختی كردبێت و راشیدەگەیەنێت، ئامادەن لەوادەی خۆیدا پرۆسەكە جێبەجێبكەن.
جومانە غلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتیەكە لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان و نێردەی نەتەوەیەكگرتوەكان سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو گفتوگۆكراوە.
وتیشی، "لە كۆبونەوەكەدا باس لە ئاستەنگەكان و تەواوكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن كراوە، هەروەها جەخت لەسەر ئامادەباشی تەكنیكی كۆمسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە 6ی حوزەیرانی ئەمساڵ كراوەتەوە".
رەتیشیكردەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختی بۆ مانگی ئەیلولی ئەمساڵ كردبێت و رایگەیاند، ئێمە ئامادەین لەوادە و كاتی خۆیدا پرۆسەكە بەجێبگەیەنین.
پێشتر چەند سەرچاوەیەك باسیان لەوەكردبوو، كە لەسەر داواكاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق بڕیاریداوە پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دوای مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دوابخات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group