عێراق لە بارەی بڕیاری دەستگیركردنی ترامپ وەڵامی ئێران دەداتەوە

15/01/2021 عێراق

نەوا
دادوەری راسپێردراوی عێراقی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی كوژرانی ئەبو موھەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئاشكرایكرد، دەركردنی بڕیاری دەستگیركردن بۆ دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، لەسەر ئەو كەیسە، دوای تەواوبوونی رێوشوێنە یاساییەكان بووە و بڕیارێكی عێراقی بووە.
ئەو لێدوانەی دادوەری راسپێردراوی عێراقی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكە، كە ناوی بڵاونەكراوەتەوە، دوای ئەوە دێت كە ئێران رایگەیاندبوو بە هەوڵی ئەوان ئەو بڕیارە دەرچووە.
دادوەرەكە لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، رایگەیاندووە: "بریاری دەستگیركردنی ترامپ لەسەر بنەمای ماددەی 406 بووە لە یاسای سزادانی عێراقی دوای تۆمەتباركردنی بە كوشتنی ئەبو مەھدی موھەندیس و ھاورێكانی".
بە وتەی دادوەرەكە، بەداواداچوونی نوێنەری یاسایی باڵیۆزخانەی ئیران لە عێراق تایبەت بووە بە مافی كەسی ئەو ئێرانییانەی لە رووداوەكەدا بوونە قوربانی بەمەبەستی زانینی رێكارەكان بووە لەلایەن دادگاوە لەمبارەیەوە.
دادوەرەكە دەڵێت، دادگا وەك كەیسێكی تاوانكاری كە لەسەر خاكی عێراق روویداوە سەیری دۆسیەكەی كردووە و دوای نزیكەی ساڵێك كاركردن و بەداواداچوون لە دۆسیەكە و لەسەر بنەمای یاسا عێراقییەكان بڕیارەكە دراوە.
پێشتر محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بڕیاری دەستگیركردنی دۆناڵد ترەمپ كە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقەوە دەركراوە، لەڕێگەی بەدواداچوونی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئاژانسەكانی دیكەی ئەو وڵاتەوە بووە.
لە سێی كانوونی دووەمی 2020دا، لە ئاكامی ھێرشێكی ئاسمانیی ئەمریكادا، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس و قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كوژران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group