به‌رهه‌م ساڵح: هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بە كۆڵەكەی قۆناغی داهاتووی عێراق دادەنرێت

12/04/2021 عێراق

نه‌وا
سەرۆککۆماری عێراق واژۆی لەسەر رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت کرد، داواشدەکات، "چاودێری نێودەوڵەتی ڕۆڵیان هەبێت لە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک".
بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق مەرسومی كۆماری تایبەت بە ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی واژۆکرد، كە لە رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.
بەرھەم ساڵح جەختیکردەوە، "هەڵبژاردنی داهاتوو وێستەگەیەكی گرنگ و جیاكەرەوەیە و بە كۆڵەكەی قۆناغی داهاتووی عێراق دادەنرێت، بۆیە پێویستە رەنگدانەوەی خواستی گەل بێت بۆ چاكسازی و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی، بۆیە زامنكردنی مافی دەنگدەران لە دیاریكردنی نوێنەرەكانیان دوور لە گوشار و دزینی دەنگەكانیان كارێكی هەرە لە پێش و سەرەكییە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "کە دوای دەرچوونی ئەم مەرسومە لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە پابەندبن بە زەمینە خۆشكردن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە تەواوی قۆناغە جیاوازەكاندا، بەجۆرێك كە دوور بێت لەهەر گومان و نیگەرانییەك كە لە رابردوودا هۆكاری سەرەكی بووە بۆ ناڕەزایەتی بەشێكی بەرفراوانی خەڵك لە هەڵبژاردنەكان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group