ئەمریكا و بەریتانیا و ئوستراڵیا رێككەوتنێك بۆ رێگری فراوانبوونی دەسەڵاتی چین واژۆ دەكەن

16/09/2021 جیهان

نەوا-
بەمەبەستی رێگری لە فراوانتربوونی هێز و دەسەڵاتی چین لە زەریاكانی هیندی و ئارام، هەر یەك لە ئەمریكا، بەریتانیا و ئوستراڵیا رێككەوتنێكیان لە بارەی هاوبەشی كردن بە تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی سەربازی واژۆكرد، پەكینیش ئەو هەوڵە بە بیركردنەوە لە چوارچێوەی شەڕی سارد ناودەبات.
بەپێی رێككەوتنی ئاكوس ئەمریكا و بەریتانیا و ئوستراڵیا بۆ یەكەم جار لە بوارەكانی زیرەكی دەستكرد، تەكتەلۆژیای كوانتۆم و شەڕی ئەلكترۆنی پێشكەوتنە تەكنەلۆژیاكانیان پێكەوە هاوبەشی پێدەكەن.
ئەو سێ وڵاتە نیگەرانن لە زیادبوونی دەسەڵات و هێزی چین لە زەریاكانی ئارام و هیندی و دەیانەوێت لە رێگەی ئەو رێككەوتنەوە بەر بەو فراوانخوازییەی چین بگرن.
رێككەوتنەكە بۆ یەكەم جار رێگە بە ئوستراڵیا دەدات ژێردەریایی ئەتۆمی دروست بكات، هەر بۆیە ئەو وڵاتە رێككەوتنێكی خۆی بۆ دورستكردنی 12 ژێر دەریایی لەگەڵ فەرەنسا هەڵوەشاندوەتەوە.
لەبەرامبەردا باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن، لە یەكەم كاردانەوەیدا بەرامبەر بەو رێككەوتنە، رایگەیاندووە، ئەو جۆرە هەڵسوكەوت و مامەڵەیە گەڕانەوەیە بۆ بیركردنەوەكانی سەردەمی شەڕی سار و داواشی كردووە ئەو سێ وڵاتە دەستبەرداری ئەو جۆرە بیرۆكانە ببن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group