سەرۆکی پێشووی مۆساد: هەوڵەکانی ناتانیاهو بۆ تێکدانی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران هەڵەبوون

13/10/2021 جیهان

نەوا
ئافرایم هیلڤی سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) رایگەیاند، کە بێنیامین ناتانیاهو سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکەی، هەڵەیەکی گەورەی کرد کاتێک هەوڵی تێکدانی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانی دا.
ئافرایم هیلڤی لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەی هائارێتز باسی لە فشارەکانی ناتانیاهوو کرد بۆ کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2018دا و وتی: "هەمیشە پێم وابوو کە هەڵەیەکی گەورە بووە کە فشار خرابوەسەر سەرترەمپ بۆ کشانەوە لە رێککەوتنەکە".
ئافرایم هیلڤی هەروەها باسی لەوە کرد دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە، دۆخی دژبە ئێران بۆ ئەمریکا زۆر خراپتر بوو، چونکە لەگەڵ کشانەوەی واشنتۆن لە رێککەوتنەکە تاران زیاتر نزیکبووەوە لە چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکی پێشووی مۆساد ئەوەشی خستەڕوو کە کاتێک ناتانیاهو ئۆپەراسیۆنەکانی موسادی دژبە حکوومەتی تاران بۆ رای گشتیی رادەگەیاند بۆ شەرمەزارکردنی ئێرانییەکان هەڵەیەکی گەورەی کرد، بە پێچەوانەوە ئەوە دەرەنجامی نەرێنی هەبوو.
ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، رووسیا، فەڕەنسا، بەریتانیا، چین و ئەڵمانیا) لە ساڵی 2015دا رێککەوتنێکی ئەتۆمییان واژوو کرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە ساڵی 2018دا لەو رێککەوتنە کشایەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group