وەزارەتی نەوتی عیراق: داهاتی مانگی رابردومان 14 ملیۆن دۆلار بوە

29/09/2022 عێراق

وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماری كۆتایی فرۆش و هەناردەی نەوتی بۆ مانگی 8ی ساڵی 2022 بڵاوكردەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك كە كۆپیەكی بۆ رادیۆی نەوا ناردوە، وەزارەتی نەوتی عیراق بڵاویكردۆتەوە، بەپێی دوا ئاماری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) لەمانگی رابردودا بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو 101 ملیۆن و 859 هەزارو 528 بەرمیل بوە كە داهاتەكەی گەیشتۆتە 9 ملیارو 688 ملیۆن و 903 هەزار دۆلار.
وەزارەتی نەوت لەبەشێكی تردا رایگەیاندوە، رێژەی نەوتی هەناردەكراو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور لەمانگی رابردودا گەیشتۆتە 100 ملیۆن و 750 هەزار بەرمیل، هەروەها لە كێڵگەی كەركوكیشەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا 1 ملیۆن و 109 هەزارو 528 بەرمیل بوەو نرخی هەر بەمیلێكیش گەیشتۆتە 95.120 دۆلار.
وەزارەتی نەوت ئاشكراشیكردوە، فرۆشی نەوت لە رێگەی هەناردەكردنی بارهەڵگرەكانەوە كۆی گشتی داهاتی گەیاندۆتەوە 14 ملیۆن دۆلار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group