گروپێكی مافیایی بازرگانی كردن بە ژنان و كچانەوە لە بەغدا دەستگیر كران

30/01/2023 عێراق

نەوا -
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق ئاشكرای كرد، گروپێكی 13 كەسیان دەستگیر كردووە كە كاریان بازرگانی كردن بووە بە كچان و ژنان و ماددە هۆشبەرەكانەوە هەروەها 7 بازرگانی ماددەی هۆشبەریش دەستگیر كراون.
شانەكە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی بەغدا توانیویانە گروپێكی مافیایی دەستگیر بكەن كە لە 13 كەس پێكهاتوون و 5یان ژن بوون.
ئەوەش هاتووە، گروپەكە كاریان بازرگانی كردن بووە بە ژنان و كچان و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات، پرۆسەكەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی و نوسینگەی بازرگانی كردن بە مرۆڤەوە ئەنجام دراوە.
ئەوەش هاتووە، هەروەها لە پرۆسەیەكی تردا 4 كەس لە شاری دیوانییە دەستگیر كراون كە بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوون، ئەوەش لەكاتی پڕوپاگەندە كردن و فرۆشتنی ئەو ماددانە، هەروەها لە شاری نەجەف 2 ژنی تر دەستگیر كراون كە بارزگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە كردووە و 8 هەزار حەبیان پێبووە، سەرجەم تۆمەتباران رادەستی لایەنی دادوەریی كراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group