وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ موچەی مانگی 3 داوایەك لە وەزارەتی دارایی عیراق دەكات

12/03/2024

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە سەبارەت بڕی موچەی هەرێمی كوردستان.
لە رونكردنەوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتوە، وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوای لە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ كردبو بە تەمویلكردنی تەواوی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی ساڵی 2024  بە بڕی  949 ملیارو 813 ملیۆن و 146 هەزارو 949 دینار، بەڵام وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕال تەنها بڕی 560 ملیارو 217 ملیۆن دیناری تەمویل كردوە كە دەكاتە رێژەی تەنها (59٪) لە كۆی گشتی موچەی هەرێم و بێ بەشكردنی رێژەی (41٪) ی موچەخۆرانی هەرێم لەشایستەی موچەكانیان، تائێستا ئەو بڕە پارەیەش كە بڕیاری تەمویلكردنی دراوە نەگەیشتۆتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم. 
رونیشیكردۆتەوە، ئەم رێكارەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵی وایكردوە كە كورتهێنان لە پێدانی موچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات بەنزیكەی  390 ملیار دینار دروست بێت  و گرفتی گەورەی دارایی دروست دەكات و دەبێتە هۆی بێبەشكردنی بەشێكی زۆری موچەخۆران و دروستكردنی فەرق و جیاوازی لە نێوان موچەخۆران. 
وەزارەتی دارایی هەرێم باسی لەوەشكردوە، جگە لە كەمی ئەو بڕە پارەیەی كە نێردراوە بۆ مانگی شوبات، بەپێی ئەو نوسراوانەی كە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ دەریچواندون بۆ موچەی مانگی ئاداری 2024  هیچ تەمویلێكی حكومەتی هەرێم ناكرێت ئەگەر موچەی هەرێم (توتین) نەكرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من لە مێژە دەستیكردوە بە پرۆسەی توتین لەژێر سەرپەرشتی بانكی ناوەندی عیراق و گفتوگۆكان لەمبارەیەوە بەردەوامن، نابێت هیچ لەم رێكارانەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ ببنە مایەی بێبەشكردنی موچەخۆرانی هەرێم لەموچەكانیان كە شایستەی دارایی خۆیانەو دەبێت هاوشێوەی موچەخۆرانی عیراق لە ناوچەكانی دیكەی عیراق مامەڵە بكرێن. 
وەزارەتی دارایی جەختیكردۆتەوە لە خەرجكردنی تەواوی موچەی هەرێم، نابێت موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بێبەش بكرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان و داوا دەكەن وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق بەمەرجی تەعجیزی ئەو مافە لە هەرێمی كوردستان زەوت نەكات و بۆ موچەی مانگی ئازار هیچ كۆت و بەندێك بۆ تەمویلكردنی موچەخۆران دانەڕێژن، چونكە ئەمە مافی دەستوری و یاسایی موچەخۆرانی هەرێمەو نابێت تێكەڵی هیچ ناكۆكیەكی نێوان هەردوو حكومەت بكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group