نەوا-
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند، یەكێك لە گەورەترین هەوڵەكانی بە قاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەكانیان پووچەڵكردەوە كە ئامادەكرابوو بە قاچاخ ببرێتە ناو عێراق.
خالید عید بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی سووریا لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، دوای لێكۆڵینەوەی ورد و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی عێراق، ئۆپەرسیۆنێكیان كردووە و دەستیان بەسەر بارێكی گەورەی ماددەی هۆشبەردا گرتووە.
ڕوونیشی كردەوە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكەدا دەستیان بەسەر ملیۆنێك و 350 هەزار حەبی كاپتاگۆن دا گرتووە، وتیشی: ئۆپەراسیۆنەكە درێژكراوەی ئۆپەراسیۆنەكانی دیكەیە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی سووریا دەكرێت بۆ بنبڕكردنی ئەم كارە مەترسیدارە كە هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتی كۆمەڵگا دەكات.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەنجامدانی ئۆپەرسیۆنێكی هاوبەشی لەگەڵ سووریا پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی سووریا دەستیان بەسەر زیاتر لە ملیۆنێك و 350 هەزار حەبی كاپتاگۆندا گرتووە.