نەوا-
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق تانەكانی سەر پرۆسەی هەڵبژاردن و رەتكردنەوەی بەشێكیانی ئاشكرا كرد.
جومانە غەللای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاندوە، ژمارەی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بۆ 400 تانە بەرزبوەتەوە كە 71 یان بەهۆی كەمی بەڵگەی پێویستەوە رەتكراونەتەوە.
لەوبارەیەوە ئاژانسی ئەنادۆڵ رونیكردۆتەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن سێ رۆژی بۆ تانەدان دیاریكردو رۆژی پێنجشەممە 20-11ی كردوە بە كۆتا رۆژ، ئەوەش دەوترێت كە لە عیراقدا هیچ لایەنێك ناتوانێت بە تەنها حكومەت پێكبهێنێت و ئەمەش لایەنەكان ناچار دەكات هاوپەیمانی دروست بكەن پرۆسەكەش چەند مانگێك دەخایەنێت.
جێی ئاماژەیە رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەكانی عیراقدا %56.11 بوەو ئەندامانی پەرلەمان بەرپرسیارن لە هەڵبژاردنی سەرۆك و پێدانی متمانە بە حكومەت، لە ناو هێزە سیاسییە كاریگەرەكانیشدا بوەتە نەریت كە سەرۆكی حكومەت شیعە بێت، سەرۆكی كۆمار كورد بێت و سەرۆكی پەرلەمانیش سوننە بێت.