سودانی بۆ گۆتێرێش: وەرزێكی نوێی هەماهەنگی لەنێوان عیراق و UN دەستپێدەكات

2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەشاری بەغدا كۆبونەوە، لەپاش كۆبونەوەكە لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا سودانی رایگەیاند، شانازی بە هەڵوێستەكانی گۆتێرێش و هەماهەنگییەكانی و پەرۆشی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەستكەوت دەكەن لەچەندین دۆسیەو پتەوكردنی پەیوەندی نێوان عیراق و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا.
وتیشی: كۆتاییهاتنی ئەركەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان (یۆنامی) لەعیراق واتای ئەوە نییە كە كۆتایی بەهاوبەشی لەنێوان عیراق و نەتەوە یەكگرتوەكاندا هاتبێت، بەڵكو سەرەتای وەرزێكی نوێی هەماهەنگی نێوانیانە بەتایبەت لەبوارەكانی بوژاندنەوەو گەشەپێدانی ئابوریی گشتگیرو پێشكەشكردنی راوێژكارییدا.
لەكۆتاییدا سودانی وتیشی: لە تەنیشت سیمبولی سەربازی ون لەشاری بەغداد لە ساڵانی داهاتودا پەیكەرێكی یادگاریی وەك رێزێك بۆ رۆڵی نەتەوە یەكگرتوەكان لەعیراق دروستدەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group