رێنمایی بۆ شۆفێران لەكاتی تەمدا

2 کاتژمێر پێش ئێستا هەمەڕەنگ

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رێنمایی شۆفێران دەكات كە  لەكاتی تەم و لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا  خێرایی كەم بكاتەوە چونكە لێخوڕین لەوكاتەدا مەترسییەكی گەورەیە، هەروەها كەمكردنەوەی خێرایی كاتی زیاتر دەدات بۆ وەستان یان هەرحاڵەتێكی تری لە ناكاو، ئەگەر رێژەی بینین گەیشتە رێژەیەكی زۆر كەم ئەوا پێویستە شۆفێر شوێنێكی باش و سەلامەت بدۆزێتەوە بۆ پارككردن، بەمەرجێك لەسەر لەینەكانی شەقامەكەدا نەبێت. 
هاتوچۆی سلێمانی رێنماییشی داوەتە شۆفێران كە هەمیشە لایتە نزمەكان دابگیرسێنن و دور بكەونەوە لە بەكارهێنانی لایتی بەرز (فول لایت) لەكاتی بونی تەم، چونكە بەهۆی بونی دەنكۆڵەی وردی ئاو لە كەشی تەمدا وا دەكات روناكییەكە بڵاو ببێتەوەو كاردانەوە دروست بكات، ئەگەر لە حاڵەتێكدا زانیت كە لایتە بەرزەكان سودیان نییە ئەوە لایتە نزمەكان دابگیرسێنە یان لایتی تەم (بلاجكتۆر) بۆئەوەی لەلایەن شۆفێرانی ترەوە ببینرێیت.
ئەوەش باسكراوە، شۆفێران بەباشی هۆشیان لەسەر شەقامەكە بێت و ناكرێت لە كاتی تەم دا چەند كارێك بەیەكەوە بكرێت، باشترە رادیۆ بكوژێنرێتەوەو قسە لەگەڵ سەرنشینەكانی تردا نەكرێت بۆ ئەوەی تەواو ئاگات لەسەر شەقامەكە بێت، هەروەها جامی ئۆتومبێل بكەرەوە بۆ ئەوەی گوێت لە ئۆتومبێلەكانی دەرەوە بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group